ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی دەڵێت دوای چەندین ساڵ دابەزین، حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە سەرتاسەری جیهان ڕوو لە زیاد بوونە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ئەناتۆڵی، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە دوای چەندین ساڵ هەوڵدان بۆ کەم کردنەوەی تووشبوون بە کۆلێرا لە جیهاندا، ئێستا حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە سەرتاسەری جیهان ڕوو لە زیاد بوونە.

ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی زیادبوونەوەی تووشبووان بە کۆلێرای زۆر نیگەرانکەر ڕاگەیاندووە.

فیلیپ باربوزا، سەرۆکی بەشی کۆلێرا و نەخۆشینەکانی سکچوونی ڕێکرخاوی جیهانی تەندروستی، لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەڤانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێڤ وتی: نەک تەشەنە سەندنی زیاترمان هەیە، بەڵکوو خودی نەخۆشییەکان گەورەتر و کوشندەترن.

دەوترت تەنیا لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022، 26 وڵات تەشەنە سەندنی کۆلێرایان ڕاگەیاندووە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەدا وتی: نیگەرانییەکان سەبارەت بە باشووری ئەفریقا، هیند، ئەفغانستان، بەنگالیا، پاکستان و نێپاڵ و هەروەها وڵاتانی دراوسێیان هەیە و ئەو دۆخە ئەگەری هەیە بگاتە وڵاتگەلێکی خەساربەرکەوتوو وەکوو لوبنانیش.