بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەحمود محەممەد، وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" وەک پارتى تەنیا ئەوە دەڵێین ئەگەر هەڵبژاردن دەکرێت بە رێککەوتن بێ ئەگەر نەشکرێ هەر بە رێککەوتن بێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش کرا ئەنجامەکەى لای هەمووان پەسندکراوو قبوڵکراو بێت نەک هەندێک قبوڵی نەکەن لەبەر ئەوەى دەنگیان کەم هێناوە یان بەدڵی ئەوان نییە".
هەروەها باسى لەوەشکرد، پارتى روونکردنەوەیەکە بۆ خەڵکی عێراق دەیدات کە دەبێت ئەم کێشەو بنبەستە سیاسییە کۆتایی بێ کە چارەسەرەکەشى بە گفتوگۆ بێت و بە هەبوونى جیاوازییەکانیشەوە کە چۆن چارەسەری کێشەکە بکرێت.
لەبارەى گفتوگۆی پارتى و یەکێتى بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار وتەبێژی پارتى وتى" گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى هەرێم و بەغدا هەیەو تا ئێستا کاندیدی هاوبەشمان لەگەڵ یەکێتى نیە، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە، ئەگەر نزیکبوونەوەیەکیش هەبووایە گفتوگۆیەکان کۆتاییان پێدەهات".
تائێستا پارتى و یەکێتى لەسەر کاندیدی خۆیان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار سورن و پێداگیری لەسەر دەکەن، سەرەڕای گفتوگۆش لەنێوانیان و پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش، بەڵام هێشتا لەسەر ئەو پرسە رێککنەکەوتوون.