ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی-سۆزان حەمە تاتە: پێنجشەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٢، محەمەد ساڵح عیراقی کە بە وەزیرەکەی موقتەدا سەدر ناسراو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و چەند خاڵیکی تیایدا خستبووەڕوو کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنن.
یەکەم؛ رەوتی سەدر بە هیچ شێوەیەک ئامادەی دانووستاندن نییە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی.
دووەم؛ سەدرییەکان دژی پێکهێنانی حکومەتی سازانی نیشتمانین، بەڵکو حکومەتێکی نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایی؛ بەڵکو لەگەڵ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانین.
سێیەم؛ سەدرییەکان دوای ئەوەی شکستیان خوارد لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دادگای فیدراڵی، وەزیرەکەی دەیەوێت هاوبەشیی شکست بۆ خۆی بدۆزیتەوە و لە بەیاننامەکەدا بە روونی وتی "بە کشانەوەی کورد و سوننە پەرلەمانی عیراق راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.
ئەم بەیاننامەیە داونانەوەیە بۆ پەیداکردنی کارەکتەری شکستخواردوو یان پێدانی زەکاتی شکستە بەو هێزانەی هاوپەیمانیی بوون؛ رێگەیەکی تریشە بۆ قووڵتکردنەوەی قەیرانەکان کەوا عیراق بەرەو کۆتایی تونێلەکە دەبات.
لەگەڵ ئەوەی فراکسیۆنە کوردییەکان یەکگرتوونین، بەڵام داواکەی موقتەدا سەدر ئەگەر جێبەجێ بکرێ، ئەوا کورد لە دوو رووەوە زیان دەکات، یەکەم دەچێتە ناو بەرەیەکی دیکەیەکی شیعەوە، دووەم شەڕێک دەکات کە شەڕی ئەو نییە، بەڵکو بەکارھێنانێتی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بێ ئەوەی ھیچ گرەنتییەکیش ھەبێ لە ئەگەری سەرکەوتنی سەدردا مافەکانی پاریزراو دەبن.
ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەر دەسی کورد بریتیی نییە تەنھا لە پرۆسەیەکی یاسایی، بەڵکو رەھەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەیە، بەتایبەت ئێران بەقورسی دژێتی و رێگەش نادات ئاسان تێپەڕێت.
سەدر تاکە کەسی بڕیاری پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی و کشانەوە لە پەرلەمان و خۆپیشاندانی ناوچەی سەوزی دا، تاڕادەیەک لە ھەموویدا شکستیھێناوە و تەنھا ماوەتەوە، ئێستا کە لەبەردەم بارودۆخێکی نەخوازراودایە، دەیەوێت ھاوبەشی شکست بۆ خۆی پەیدابکات، وەکو دەڵێن زیان لە نیوەی قازانجە.
سیاسەتی دروستی کورد ئەوەیە نەچێتە ژێر باری ھیچ داوا و ھەوڵێکی نالۆژیکی، ئەمە بۆ پارتی لە ھەموو لایەنە کوردییەکان راستترە، چونکە سەدر لە نیوەی رێگە لە ھاوپەیمانێتییەکەیان بەجێیھێشتن، تاقیکراوەش نابێ تاقیبکرێتەوە.
ژێدەر: شارپرێس