سەرۆک کۆماری عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆخەکە وا دەخوازێت هەمووان دان بە خۆیاندا بگرن و "ئەگەر لەدەست دەربچێت هەموومان زیانمەند دەبین."

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، پابەندبن بە ئارامی و دان بە خۆیاندا بگرن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە و دەشڵێت، ئەگەر دۆخەکە "لەدەست دەربچێت، هەموومان زیانمەند دەبین."

سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دەربڕینی بیروڕا مافێکی دەستووریی گەرەنتیکراوە، بەڵام تێکدانی دامودەزگاکانی دەوڵەت مەترسیدارەو وڵات و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

بەرهەم ساڵح دەشڵێت" خۆپێشاندانی ئاشتییانە و دەربڕینی بیروڕای ئازاد مافێکی دەستووری پارێزراوە، بەڵام پێویستە خۆپیشاندەران پابەندی یاسا و پاراستنی ئاسایشی گشتی وڵات بن، پەکخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كارێكی مەترسیدارە و وڵات و بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، بۆیە داوا لە رۆڵەكانمان لە خۆپێشاندەران دەكەین دامەزراوەكانی دەوڵەت جێبهێڵن و رێگە بە هێزە ئەمنییەكان بدەن ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و موڵك و ماڵی گشتی".

هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەى خستووەتەڕوو، رووداوەكانی ئەم دواییەی وڵات ئەركێكی گەورە و گران دەخاتە سەرشانی سەرجەم هێزە نیشتمانییەكان كە بە گیانێكی بەرپرسانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا بكەن و لەم قۆناغەدا لە پێناو ئاشتی و ئارامی و بەرژەوەندی هاووڵاتییان كێشە و گرفت و ململانێكانیان وەلانێن و خۆیان لە توندوتیژی و خوێنڕشتن بپارێزن و لە خەمی پاراستنی وڵات و نیشتمان و سیستەمی دیموكراسی و دەستووری وڵات بن، گەلەکەمان لەپێناو عێراق باج و قوربانی زۆریداوە، بۆیە ناکرێت بە ئاسانی دەستبەرداری بین و بەکەم سەیری بکەین.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بڕیاریدا دەستبەردارى کارى سیاسى ببێت و دواتر لایەنگرانى رەوتی سەدر لە بەغدا رژانە سەر شەقامەکان چوونە نێو ناوچەى سەوزو خۆپێشاندەرانیش لایەنگرانی رەوتی سەدر، کە چوونە نێو کۆشکی کۆماریی عێراق و کۆشکی حکومەتەوە