كۆبونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق و سه‌ركرده‌ی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆتاییهات و پێنج بڕیاریان ده‌ركرد و داوایان له‌ ره‌وتی سه‌در كرد، ده‌ست به‌ گفتوگۆی نیشتمانی بكه‌ن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عێراق، له‌سه‌ر بانگهێشتی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كانی عێراق كۆبونه‌وه‌، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی وڵات، به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بوان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵ رێكه‌وتن:

یه‌كه‌م: ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ پابه‌ندبونیان به‌ نه‌گۆڕه‌ نیشتمانیه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ هه‌مو قه‌یرانه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و گرتنه‌به‌ری گیانی برایه‌تی و هاوكاری ده‌ربڕی، له‌ پێناو پاراستنی یه‌كڕیزی عێراق و ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌رده‌وامی سیستمی دیموكراسی ده‌ستوری كه‌ هه‌موان بانگه‌وازی بۆ ده‌كه‌ن و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وله‌ویه‌تدان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستا.

دوه‌م: ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، جارێكی دیكه‌ په‌نابردن بۆ ده‌نگدان له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌وه‌ ڕوداوێكی ناوازه‌ نییه‌ له‌ مێژوی ئه‌زمونه‌ دیموكراسیه‌كان، كاتێك قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان ده‌گه‌نه‌ بنبه‌ست، هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ڕێڕه‌وی ده‌ستوری.

سێیه‌م: به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ داوایان له‌ سه‌ركرده‌كانی ناو ره‌وتی سه‌در كرد ده‌ست به‌ گفتوگۆی نیشتمانی بكه‌ن، بۆ دیاریكردنی میكانیزم و چاره‌سه‌رێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به‌ هیوا و خواسته‌كانی گه‌لی عێراق و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان.

چواره‌م: به‌شداربوان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دیالۆگی نیشتمانی رێككه‌وتن، به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگای یاسایی و ده‌ستوری بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئێستا.

پێنجه‌م: به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ خوازیاری راگرتنی هه‌مو جۆره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی مه‌یدانی، میدیایی و سیاسی بون، جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ ئارامه‌كان دور له‌ وروژاندن كرده‌وه‌ كه‌ ناكۆكی دروست ده‌كات، بانگه‌وازیان له‌ میدیا و كه‌سایه‌تیه‌كان كرد، پشتگیری له‌ هه‌نگاوی دیالۆگی نیشتمانی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، بۆ خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان.