موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو دواده‌خه‌ین و گەلی عێراقیش له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌مێننه‌وه‌.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، موقته‌دا سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، " ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ چاكسازی و به‌رده‌وامین له‌ ڕاپه‌ڕین له‌ دژی گه‌نده‌ڵه‌كانتان، ئێوه‌ی گه‌نده‌ڵه‌كان، سیاسه‌تی لاساییكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئێوه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیفلاسبونتان و پێداگریتان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانتان".

راشیگه‌یاندوه‌، "ئه‌گه‌ر ئێوه‌ گره‌و له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كه‌ن، ئه‌وا من گره‌و له‌سه‌ر پاراستنی ئاشتی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م و خوێنی عێراقیه‌كان به‌نرخه‌ له‌لام، تاڕاده‌یه‌ك له‌ هه‌مو شتێك به‌نرختره‌، به‌ڵام من له‌ خۆشه‌ویستیم بۆ عێراق و خۆشه‌ویستیم بۆ گه‌له‌كه‌ی و پیرۆزییه‌كانی، دواخستنی خۆپیشاندانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم تا ئاگادارییه‌كی دیكه‌، به‌ مه‌به‌ستی شكستهێنان له‌ پیلانه‌ گڵاوه‌كانتان، بۆئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌كانتان به‌ خوێنی عێراقییه‌كان تێكه‌ڵ نه‌بێت، كه‌ به‌شێكی زۆریان بونه‌ته‌ قوربانی گه‌نده‌ڵیه‌كانتان و ئاره‌زوه‌كان".

13ی ئه‌م مانگه‌ ساڵح محه‌مه‌د عێراقی كه‌سایه‌تی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در "وه‌زیری سه‌در" له‌په‌یامێكدا داوایكرد، رۆژی شه‌ممه‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان خۆپیشاندانێكی ئاشتیانه‌ و ملیۆنی لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەندی به‌غدای پایتەخت ئەنجام بدەن و راشیگه‌یاند، "عێراق له‌گه‌ڵ چاكسازییه‌، چاكسازیش له‌گه‌ڵ عێراقه‌، هیچ شوێنێك بۆ گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵه‌كان نییه‌".