بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆیان لەناوچەی سەوز ساز کردوە و جەخت لەسەر داواکارییەکانی رێبەری رەوتەکەیان دەکەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بە ئەنجامدانی گەندەڵی تۆمەتبار کراون، رەوتی سەدر بڕیاریداوە لە پارێزگاکانی دیکە عێراقیش خۆپیشاندان ساز بکات و واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کۆدەکاتەوە و ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی دەکات.
هاوکات لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لە ناوچەی جادرییە خۆپیشاندان ساز دەکەن و دروشمی پاراستنی "دامەزراوە دەستوریی و حکومییەکان"یان بەرزکردوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریداوە لە موسڵ و بەسرەش هەمان خۆپیشاندان ساز بکات.
لەلایەکی دیکەشەوە حزب و رێکخراوە مەدەنییەکان بڕیاریانداوە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانى فیردەوس خۆپێشاندان ساز بکەن و داواکارییان بۆ گۆڕانکاریی گشتگیر بەرزکردوەتەوە، هەروەها داوای دەوڵەتێکی مەدەنیش دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە 10ی ئاب موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی نوێی لەبارەی دۆخی عێراق و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پەرلەمان هەمو وادە دەستورییەکانی تێپەڕاند و نەیتوانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو هەڵبژێرێت، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدڕاڵی دەکات کە لە یەک هەفتەدا پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە.