سروه‌ عه‌بدولواحید ده‌ڵێت:"ئێمه‌ش داواده‌كه‌ین خه‌ڵكى كوردستان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى‌و ده‌ربڕینى بۆچونى خۆیان بچنه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى كوردستان".

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌یامێكدا وه‌ڵامى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌داته‌وه‌ كه‌ ڕایگه‌یاندبوو، خۆپیشانده‌ران چونه‌ته‌ ماڵى خۆیان كه‌ په‌رله‌مانه‌ بۆ ده‌ربڕینى بۆچونى خۆیان،

سروه‌ عه‌بدولواحید سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌تویتێكدا وه‌ڵامى په‌یامێكى شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق (له‌پشكى پارتى) داوه‌ته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تى، "خۆپیشانده‌ران چونه‌ته‌ ماڵى گه‌ل، وه‌كو ماڵى خۆیان وایه‌ بۆ ده‌ربڕینى ڕه‌ئى خۆیان، پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بیان پارێزن".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:"ئێمه‌ش ده‌ڵێین به‌ڕاستى وایه‌، په‌رله‌مان ماڵى هه‌موو گه‌له‌، به‌ڵام هیواخوازین له‌كوردستانیش ئه‌و ئازادیه‌ هه‌بێت كه‌ هاوڵاتیانیش بچنه‌ سه‌ر په‌رله‌مان بۆ ده‌ربڕینى ڕه‌ئى خۆیان‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى".

پێشتر میدیاى عێراقى ئاشكرایانكرد، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگرى دوه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان داواى له‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ كردووه‌ ئه‌ركیان پارێزگاریكردنه‌ له‌باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان، هیچ توندوتیژیه‌ك به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامنه‌ده‌ن‌و بیانپارێزن.