بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،د.بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی کردووە کە "بونی هەزاران چەکداری پڕ چەکی زۆر باش و راهێنراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە راستی ترسناکن بۆسەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە، دەناڵێنێت بۆیە پێویستە هەموان بەیەکەوە لەسەر یەک مێز دابنیشن و گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بکەن".
باسی لەوەشکرد، بەردەوامی ئەم دۆخەی ئێستا کاریگەری گەورەی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت، بۆیە پێویستە پێکەوە چارەسەرێک بۆ دۆخ و قەیرانەکانی ناوچەکە بدۆزرێنەوە، چونکە عێراق بە تەنها ناتوانێت ئەو چارەسەر بێت، هەروەک سعودیە، تورکیا، ئێران و هەر وڵاتێکی دیکەش ناتوانن بە تەنها ئەو چارەسەرە بن.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی، لەئێستادا کۆمەڵێک ئاڵنگاری راستەقینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رودەدەن بە تایبەتی لە سوریا کە پێویستە چارەسەرێک بۆ دۆخی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە، لەو بارودۆخە ناهەموارە دەربهێنرێت.
لە بارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانیش، د.بەرهەم ساڵح ئاماژەی بە رۆڵی سەرەکی ئێران لەناوچەکە کرد و ئەوەی خستەڕو، ئێران ئەكتەرێكی سەرەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە هاوسنوری عێراقە و چەندین بەریەککەوتنی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتورییان بەیەکەوە هەیە، پێویستە لە بابەتی چەكی ئەتۆمیدا بگەن بە ڕێككەوتن، چونكە دەرئەنجامی بۆ بەغدا و تەواوی جیهان دەبێت و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەگەڵ بونی چەندین گروپی چەکداری، ئەو رێککەوتنە دەخوازێت.
لەبارەی رۆڵی عێراقیش لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە، سەرۆک کۆماری عێراق باسی لەوەکرد، بەغدا رۆڵی لە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە هەبوە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین گفتوگۆی گرنگ لە بەغدا لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراون، هەروەها عێراق رۆڵی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیشدا هەبوە.