پەڕلەمانتارێکی پێشووی پارتی سەرەڕای داواکردنی بۆ گرێدانی دانیشتنێکی تایبەتی په‌رله‌مان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەهەمانکاتیشدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، چانسی کاندیدەکەی یەکێتیی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە لەناو پەڕلەمان لەکاندیدەکەی پارتی زیاترە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەبدولسەلام بەرواری پەڕلەمانتاری پێشوو پارتی لەپەڕلەمانی کوردستان‌و چاودێریی سیاسیی ڕاگەیاند، "چانسی بەرهەم ساڵحی کاندیدی یەکێتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، لەچانسی ڕێبەر ئەحمەدی کاندیدی پارتی زیاترە".

جەختیشده‌كاته‌وه‌، هێشتا پارتەکەیان گرفتی نییە کە یەکێتی‌و پارتی بەدوو کاندیدەوە بچنە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە.

بەوتەی بەرواری، "پارتی لەساڵی 2018 یەکەم لایەن بووە کە پیرۆزبایی سەرکەوتنی لەبەرهەم ساڵح کردووە، ئەگەربێت‌و ئەمجارەش براوەبێت، ئەوە بەهەمان ڕۆحییەتەوە مامەڵە دەکات‌و پیرۆزبایی لێدەکات".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئێستا 31 کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، ئەگەربێت‌و لەگەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستنەهێنێت، ئەوە کێبڕکێکە لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچێتە گەڕی دووەم، بۆیە ئەوەش بابەتێکی سروشتییەو نابێت لایەنە شیعییەکان پێیانوابێت، کورد بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش هۆکاری چەقبەستوویی سیاسیین".

شه‌وى ڕابردووش بارەگای بارزانى ڕاگه‌یه‌نراوێكى له‌باره‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "جەختدەكەینەوە لەپڕۆسەی سیاسیی عێراق‌و حكوومەتی داهاتوودا، ناوی كەس‌و لایەن بەلای بارزانیەوە گرنگ نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی دەستوورو بەرنامەی حكومەتی داهاتوی عێراق گرنگە كە هاوكات ئەو بەرنامەیە دەبێ لەسەر بنەمای هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت‌و هاوسەنگی‌و سازان بێت".