بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تورکیا چەند ڕۆژ لەمەوپێش، دژایەتی لەگەڵ ئەندامێتی سوید و فەنلاند لە ناتۆی وەلا نا. بەم حاڵەوە ئەنقەرە، لەسەر کاغەز، چەند خاڵێک لەوانە سەبارەت بە رادەست کردنەوەی ناڕازیانی سیاسی لەوانە کوردەکانی دانیشتووی ئەو دوو وڵاتەی بەدەست هێناوە. کوردەکانی دانیشتووی سوید ئەو ڕێککەوتنەیان خەیانەت وەسف کردووە.
پیێر چۆری، دیپلۆماتی باڵای سویدی وێڕای ڕەخنەی توند لە ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا، بە گۆڤاری ئێکسپرێسی وتووە ئەو ڕێککەوتننە بۆ سوید شەرمهێنەرە و خەیانەت بە کوردەکان دێتە ئەژمار.
هلم والێن، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی سویدیش لە ئەو گۆڤارەی وتووە کە زۆربەی خەڵکی سوید لە دانوستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای سەروری یاسا لە وڵاتەکەیان ڕازی نین.
بەم حاڵەوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دڵنیایی داوە کە هاووڵاتییە فەرمییەکانی سوید، لەوانە کوردەکان بۆ تورکیا ناگەڕێندرێنەوە.