ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ى له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق پێكهێندرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هێرشه‌ موشه‌كیه‌كانى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ئاشكراكرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ى له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق پێكهێندرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هێرشه‌ موشه‌كیه‌كانى سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ ڕایگەیاند: "هێرشه‌كه‌ له‌قوڵایی خاكى هه‌رێمه‌وه‌ بووه‌".

به‌گوێره‌ى ئەنجامی لێكۆڵینەوە هاوبەشه‌كه‌ى وەزارەتی پێشمەرگە‌و سوپای عێراق، ده‌ركه‌وتووه‌، ئەو موشەكانه‌ى ئاراسته‌ى كێڵگەی گازی (كۆرمۆر)ى قادر كه‌ره‌م له‌سنورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ كران، لەناو قوڵایی خاكی هەرێمه‌وه‌ بووه‌و به‌دیاریكراویش لەپشت لیوای (16)ی هێزی پێشمەرگەوە ئاراستەكراون.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بەپێی شیكاری ئەو چاڵانەی بەهۆی هێرشەكەكانەوە دروستبوون، دەركەوت هەموو ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كراون، لەیەك ئاڕاستەوە هاتوون واتە لەڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بەئاراستەی ڕۆژئاوا، هێرشەكانیش لەناو قوڵایی هەرێمی كوردستان‌و لەپشت لیوای 16ی پێشمەرگەوە ئه‌نجامدراوه‌.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى زانیارییه‌كانى لیژنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "نزیكترین خاڵی شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان، نزیكەی (29 بۆ 30) كیلۆمەتر لەهێزەكانی عێراقه‌وه‌ دوورە، ناوچەی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و پێشمەرگە نزیكەی (9 بۆ 10 كیلۆمەترە) لەشوێنی كێڵگەكەوە".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە پێداویستی وێستگەكانی كارەباو گازی ماڵان دابیندەكات، سەرباری ئەمە (كۆندێنسەیت)ی بەرهەمهێنراوی ئەم كێڵگەیە دەكرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالێتییەكەی.

بەمدواییانه‌ش كۆمپانیای نەوتی باكورى سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵای تۆماركردووە‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، ئەو كێڵگەیە (كۆرمۆر) سەر بەكۆمپانیای باكورە.

كۆمپانیای (دانەگاز)ی ئیماراتی كاری بەرهەمهێنانی لە كێڵگەی (كۆرمۆر) پێدراوە، ئەمە گەورەترین كاری كۆمپانیایەكە لەسەر ئاستی جیهان.