پارتى دیموکراتى کوردستان بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتى مالیکى رەتدەکاتەوەو دوبارەکردنەوەى هەڵوێستى سەدرییەکان یەکێک لە ئەگەرەکانى بەردەمی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،سەرچاوەیەکى ئاگادار لەناو پارتى دیموکراتى کوردستان کەنەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەشارپرێسی راگەیاند" نە سەرۆک بارزانى و نەپارتى لەگەڵ ئەوە نییە جارێکى تر عێراق بخرێتە گێژاوێکى دیکەوە بەهۆی هەڵەی چەند سیاسییەکەوە وەک ئەوەى لەرابردوو بینیمان هەم مامەڵەیان لەناوخۆی عێراق و هەمیش بەرامبەر هەرێمى کوردستان، بۆیە ئێمە بە دووری دەبینین کەسێکی وەک مالیکى بۆ سەرۆکایەتى حکومەت قبوڵ بکرێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێک لەلایەنەکانى عێراق و سیاسییەکان لەگەڵ ئەوە نین مالیکى سەرۆکایەتى حکومەت بەتایبەت سەدرییەکانیش ئەزمونێکى تاڵیان لەگەڵ مالیکى هەیە، بۆیە پێویستە چوارچێوەى هەماهەنگی بیر لەوە نەکەنەوە کە مالیکى کاندید بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستى بارزانى لە ئەگەری دیاریکردنى نوری مالیکى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت" بابەتەکە شتێکى شەخسی نییە، سەرۆک بارزانى لەسەر بڕینى موچەو تاکڕەوی سیاسی و پێشێلکردنى دەستورو لەسەر زەوتکردنى مافەکانى گەلی کوردستان کێشەی لەگەڵ هەندێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا هەبووەو هەیە، نەک لەسەر بابەتێکی شەخسی".

هەر لەسەر ئەو پرسە سەرچاوەکەى شارپرێس باس لەوە دەکات، ئەگەرچی لەناو سیاسەتدا هەندێ گۆڕانکاری تاکتیکى و ستراتیژی واریدە، بەڵام پێناچێت پارتى و زۆر لایەنى سەرەکى دیکەى عێراق لەگەڵ دیاریکردنى مالیکى بن بۆ سەرۆک وەزیران، هۆکارەکەش دیارە کە ئەزمونێکى خراپی لە بەڕێوەبردنى عێراقدا هەیە کە لە زاکیرەى هەموداندا ماوە.

لەبارەى سەردانى نوری مالیکى بۆ هەرێم و گفتوگۆکردنى لەگەڵ بارزانى سەبارەت بەو پرسە، سەرچاوەکەى پارتى ئەوەى ئاشکرا کرد، بریارە بەم نزیکانە شاندێکى چوارچێوەى هەماهەنگی سەردانى هەرێم بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانى حکومەت ئەوەش شتێکى ئاساییە، بەڵام هەڵوێستەکانی پارتى و لایەنەکانی دیکەش پەیوەستن بەو گفتوگۆیانەى لە داهاتوودا دەکرێن.

سەرچاوەکە وتیشى:" لە هەرێمى کوردستان لایەنی دیکەش هەن دەبێت لەسەر کۆی پرسەکان گفتوگۆ بکەن و بەیەکەوە بریاری هاوبەش بدەن، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکایەتى هەرێمیش لەگەڵ گفتوگۆدا دەبێت لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ ئەوەى کورد بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا".

لەچەند رۆژى رابردوودا موقتەدا سەدر داوای لە پەرلەمانتارەکانى کرد نامەى دەست لەکارکێشانەوەیان لەپەرلەمان بنوسن، دواتریش سەرجەم پەرلەمانتارەکانى سەدر نامەی دەست لەکارکێشانەوەکەیان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کراو قبوڵکرا.

هەروەها دوای دەست لەکارکێشانەوەى فراکسیۆنى سەدریش لە پەرلەمانى عێراق چوارچێوەى هەماهەنگی رایگەیاند، ئەوان هەنگاوە دەستورییەکان تەواو دەکەن بەمەبەستى پێکهێنانى حکومەتى نوێ، بۆ ئەو مەبەستش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان، دواتریش میدیاکانى عێراق ناوی مالیکیان وەک کاندیدی چوارچێوەى هەماهەنگی بڵاوکردەوە.