بە پێی هەواڵی ئاژانسی مێهر، د.عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان رایگەیاند، هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ژمارەیەک لە پەیڕوکارانی جولەکە بە پاسەوانی هێزەکانی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکات و باوەڕی وایە ئەو هەنگاوە هێرشە بۆسەر پیرۆزییەکانی مسوڵمانان، بۆیە داوا دەکات بۆ پاراستنی مزگەوتی ئەقسا هەمو مسوڵمانان هەڵوێستیان هەبێت.
د.عەلی قەرەداغی ئەمڕۆ دوشەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ژمارەیەک لە پەیڕەوکارانی جولەکە تاوان و سوکایەتیکردنە بە هەمو مسوڵمانان، هەروەها پێشێلکردنی هەمو بنەما رەوشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسا هێرشە بۆسەر مەککە و بیرو و باوەڕی مسوڵمانان، بۆیە باوەڕی وایە پاراستنی مزگەوتی ئەقسا ئەرکی هەموانە بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆی.
دوێنێش کۆمکاری وڵاتی عەرەبی رایگەیاند، هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ژمارەیەک لە پەیڕوکارانی "توندڕەو"ی جولەکە سەرکۆنە دەکات و داواش لە حکومەتی ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن هەمو رێکارێک بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دوبارە بونەوەی ئەو هەنگاوە و هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی هەمو ئاسەوارێکی فەڵەستینی لەسەر مزگەوتی ئەقسا رابگرن.