بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا کرد و رایگەیاند، بەغدا خواستی ئەوەی هەیە برەو بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران بدات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی پێشوازی لە محەمەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا کردوە و جەختی کردوەتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و تاران و فراوانکردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش ئەو بوارانەی سودییان بۆ هەردو گەل و ناوچەکە هەیە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردوە، ئومێدی سەرکەوتن بۆ باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا و جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی کاری دیپلۆماسی لەنێوان هەردو وڵاتدا بۆ دروستکردنی روانگەی هاوبەش لەسەر پرسەکان، بەجۆرێک خزمەتی هەردو وڵات و ناوچەکەش بکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و گەشەپێدانی کاری هاوبەش لەسەرجەم بوارەکان.