سەرۆکی حەوزەی هونەری وتی: چوار کورتەفیلم لە پێنج فیلمسازی کوردستان لەژێر ناوی "چوارینەی سینەمای کوردی" دووشەممە 26 ی گوڵان کاتژمێر 20 لە پەردیسی سینەمایی بەهمەنی سنە نمایش دەکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمین مورادی ڕایگەیاند: لە ئەو نمایشە تایبەتەی چوار کورتە فیلمی "ئاپارتمانی مێرووڵەکان" لە دەرهێنانی تەوفیق ئەمانی، " ئاوێنە ڕەنگ پەڕاوەکان" لە دەرهێنانی سالم سەڵواتی، " پەڵە" لە دەرهێنانی شۆڕش وەکێڵی و "ئەوی دیکە" لە دەرهێنانی هاوبەشی سامان حسێن پوور و ئاکۆ زەندکەریمی، دووشەممە 26 ی گوڵان کاتژمێر 20 لە هۆڵی یەکەمی پەردیسی سینەمایی بەهمەنی سنە بە شێوەی بێ بەرانبەر نمایشی گشتی دەکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: ئەو چوار فیلمە لە بەرهەمە براوەکانی سینەمای کوردی دێتە ئەژمار کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەکیان بردووەتەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ڕۆژی سێشمەممە 27 ی گوڵانیش ئەو فیلمانە لە کرماشان نمایش دەکرێن.