سه‌ركردایه‌تیه‌كى پارتى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ببینه‌ دوو به‌ش، واته‌ كوردستانى عێراق ببێت به‌دوو به‌شه‌وه‌، ده‌شڵێت:"پرسى غاز به‌هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ى كاك بافڵ‌و ئه‌وانى دیكه‌ چاره‌سه‌ر نابێت".

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئارى هه‌رسین ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى (سلێمانى ـ هه‌ڵه‌بجه‌)ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌میانى به‌شداریكردنى له‌به‌رنامه‌ى (شیكردنه‌وه‌)ى شارپرێس ڕایگه‌یاند، "هۆكارى سه‌ره‌كى كێشه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌گفتوگۆ وه‌ستاین، به‌رده‌وامبوونى دانوستان‌و گفتوگۆ له‌ئاستى باڵا ده‌توانێت زۆر له‌كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ربكات".

ده‌شڵێت:"به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دانوستانانه‌ وه‌ستان، ئیتر به‌عینادى هه‌ردوولا بێت یان به‌عینادى یه‌كلا بێت".

باس له‌وه‌شده‌كات، "هۆكارى كێشه‌كانى ئێستا تووڕه‌بونه‌كانمان، بێ متمانه‌یی نێوانمان ئه‌وه‌یه‌ زامه‌كانى پێشووى نێوانمان ساڕێژنه‌كردووه‌، مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ ململانێیه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ ناو جه‌ماوه‌ر، ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ ئیشمان له‌سه‌ر دروستكردنى متمانه‌ له‌نێوان یه‌كتردا نه‌كردووه‌و هێشتوومانه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ده‌ر".

ئارى هه‌رسین ئه‌وه‌ش ڕوونده‌كاته‌وه‌، "ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ببینه‌ دوو به‌ش، واته‌ كوردستانى عێراق ببێت به‌دوو به‌شه‌وه‌، له‌حاڵه‌تێكى له‌وشێوه‌یه‌ش من وه‌ك ئه‌ندامێكى پارتى ئاماده‌نیم شارى خۆم به‌جێبهێڵم، دواتر یه‌كێتى‌و حزبه‌ سیاسییه‌كانى ئه‌مدیو دێگه‌ڵه‌ به‌عس نین من ڕاوبنێن بۆ سنورى ئه‌ودیو دێگه‌ڵه‌ كه‌ سنورى پارتیه‌".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هه‌رچیه‌ك ڕووبدات ئێمه‌ وه‌ك پارتیه‌كانى سلێمانى ئاماده‌نین بچین له‌هه‌ولێر ببین به‌ئاواره‌و لاجیئ‌و لێره‌ ده‌مێنینه‌وه‌و لێره‌ش پارتى ده‌بین‌و ڕێز له‌قانون‌و بڕیاره‌كانى ئه‌م سنووره‌ ده‌گرین كه‌ له‌ژێر ده‌ستى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستاندا ده‌بێت له‌و حاڵه‌ته‌دا، به‌ڵام ئێمه‌ ڕاناكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ له‌ئه‌گه‌رى ڕوودانى ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌ڵوێستى پارتى چى بێت، ئارى هه‌رسین وتى:"خۆ هێز ناجوڵێنێت، چونكه‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى شه‌ڕى براكوژى حه‌رام كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پارتیش مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات، هیچ ڕێگه‌یه‌كى دیكه‌مان له‌به‌رده‌مدا نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌مام‌و برازایی مه‌سعود بارزانى‌و كوڕانى مام جه‌لال كه‌ له‌دواى كۆچى دوایی تاڵه‌بانى بارزانى ڕایگه‌یاند، هه‌رسین ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "ده‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ بوایه‌، به‌ڵام له‌نێوان مام‌و برازاشدا په‌یوه‌ندییه‌كان كاڵ‌و تۆخبوونه‌وه‌ ڕوو ده‌دات، به‌گشتى ده‌بێت ئێمه‌و یه‌كێتیش كارێك بكه‌ین هه‌م خواو هه‌میش خه‌ڵك له‌خۆمان ڕازیی بكه‌ین‌و له‌ده‌ورى مێزێك كۆببینه‌وه‌".

له‌باره‌ى پرسى گازیشه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى پارتى ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "به‌هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ى كاك بافڵ‌و ئه‌وانى دیكه‌ چاره‌سه‌ر نابێت، ئه‌م پرسه‌ پێویستى به‌دیالۆگى نیشتیمانى هه‌یه‌ نه‌ك سۆشیال میدیا، سیاسه‌ت پرسێكى عاقڵانیه‌ پێویستى به‌له‌سه‌رخۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر نه‌كرا، ئه‌وا ده‌بێت خۆمان حازر بكه‌ین‌و ببینه‌ دوو هه‌رێم‌و دوو ئیداره‌ له‌كوردستان"