ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێو دەوڵەتی: مامۆستا مستەفا شیرزادی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە گرینگایەتی رۆژی قودس وتی: بابەتی قودس لە روانگەی ئینسانی ئیماندارەوە بابەتێکی پیرۆزە چونکوو رووگە و قیبلەی موسوڵمانان بووە.
ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی خودا لە قورئاندا وەکوو شوێنێکی پیرۆز ئاماژە بە بەیتولموقەدەس دەکات، رایگەیاند: پێغەمبەریش دەفەرمێت نوێژکردن لەم شوێنە لە گەڵ دیکەی شوێنەکان جیاوازی زۆری هەیە.
پێش نوێژی هەینی مەریوان هەروەها وتی: هەموو موسوڵمان و ئینسانێکی ئازادیخواز ئەرکی لە سەرە پشتیوانی مەزڵۆمان و دوژمنی زاڵم بێت و کاتێ موسوڵمانان لە دواهەمین رۆژی هەینی مانگی ڕەمەزان هاوار ئەکەن بۆ فەلەستین، دوو پەیامیان بۆ زاڵمان و مەزلۆمان هەیە.
ئەو روونی کردەوە: پەیامی ئەوان بۆ مەزڵۆمان ئەوەیە کە نەترسن و بزانن پشتیوانیان هەیە و ئەمەش پەیامێکی گەورە و دڵخۆشکەرە بۆ فەلەستینییەکانە کە هەموو رۆژێ ئاوارە ئەکرێن و ماڵ و سامانیان داگیر دەکرێت.
ماموستا شێرزادی هەروەها سەبارەت بە پەیامی رۆژی قودس بۆ زاڵمانیش، وتی: پەیامی خۆپیشاندەران بۆ زاڵمان ئەوەیە کە ئێمە دوژمنی تۆین و تۆڵەت لێ دەکەینەوە و تۆ خوێن مژ و داگیرکەری و دەبێ بزانی خەڵکی فەلەستین بە تەنیا نین.
ناوبراو داکۆکی کرد: هەموو ئینسانی ئازادیخواز دەبێ لەم رۆژەدا نەفرەتی خۆیان بۆ ئەو رژیمە داگیرکەرە بنێرن.
هەروەها لە کۆتاییشدا داکۆکی کرد وڵاتانی دیکە کە بە ناو ئیسلامین لە گەڵ رژیمی داگیرکەری زایۆنیستیدا هاوکارن و لە سەر ئەم بابەتە هەستیار نین بەڵام لە ئێران بانگی پشتیوانی هەڵئەدرێت و هەموو ساڵێ لەم رۆژەدا رادەگەینرێت کە ئێمە دوژمنی ئێوەین و لە گەڵ ئێوە نابینە هاوپەیمان.