رێبوار ئەحمەد، ئه‌ندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: "داهاتی یه‌ك مانگی نه‌وت میارێك و 188 ملیۆن دۆلاره‌، به‌شی نزیكه‌ی دو مانگی موچه‌ی موچه‌خۆران ده‌كات.

بە پێی هەواڵی مێهر،رێبوار ئەحمەد، ئه‌ندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیمانە لە گەڵ خەندان رایگه‌یاند:"وه‌زیری دارایی و ئابوری ده‌ڵێت، ده‌بێت داهاتی هه‌رێم به‌گشتی كۆبكرێته‌وه‌ و قاچاغی له‌ هه‌مو سنوره‌كان بنه‌بڕ بكرێت، به‌ فه‌رمی ده‌ڵێت ئاگاداری ته‌نها 350 ملیۆن دۆلار پاره‌ی نه‌وته‌ و ئه‌وی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاگاداری ئه‌ودایه‌".

رێبوار ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت: "ده‌بێت پلانه‌كه‌ به‌شێوازێك بێت داهاتی هه‌مو هه‌رێم كۆبكرێته‌وه‌ و پاشان دابه‌شبكرێته‌وه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكاندا نه‌ك به‌ پارێزگاكان بڵێن بڕۆ ئیداره‌ی خۆت بده‌، پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری مانگانه‌ 55 بۆ 58 ملیار دیناری به‌ قه‌رز ده‌هێنا بۆ سلێمانی تاوه‌كو موچه‌ دابه‌ش بكات، ئه‌وه كێشه‌یه‌ی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌بوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ڵاحییه‌تی كولی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بابه‌ته‌كان بكات، وه‌زاره‌تی دارایی پڕۆژه‌یه‌كی زۆر وردی پێشكه‌شی حكومه‌ت كردوه‌ و هه‌مو ئه‌م بابه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ر له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ره‌سمی گومرگیدا له‌ ساڵی 2019-2020 داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان 105 ملیۆن دۆلار زیادیكردوه‌، به‌هۆی نه‌مانی قاچاغی و شێوازی باشتركردنی كۆكردنه‌وه‌ی داهات به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیارنیه‌".

هه‌روه‌ها وتی، "داهاتی یه‌ك مانگی نه‌وت میارێك و 188 ملیۆن دۆلاره‌، به‌شی نزیكه‌ی دو مانگی موچه‌ی موچه‌خۆران ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی گرێبه‌ستی خراپی نه‌وته‌وه‌ به‌شێكی زۆری دیارنامێنێت، وه‌زیری دارایی به‌فه‌رمی وتی ئێمه‌ ئاگامان له‌ 350 ملیۆن دۆلاره‌ و ئه‌وه‌ی تر نه‌ئاگامان لێیه‌تی و نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دایه‌".