بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نیوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان هاوکاتە لە گەڵ لەدایک بوونی ئیمام حەسەن موجتەبا. هەر بەم بۆنەوە محەمەدجەواد مێهریار یاداشتێکی لەم بارەوە نووسیوە لە درێژەدا دەیخوێنەوە.
بە پێی وتەی مێژوونووسان، ئیمام عەلی و هاوژینی پاکی لە ١٥ی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا چێژی دایک و باوک بوونیان چەشت و ناوی ئەو منداڵە خۆشەویستەیان نا حەسەن.
زانایانی سوننە تایبەتمەندی زۆر و بێ وێنەیان داوەتە پاڵ ئەم حەزرەتە کە یەک لەوانە لێکچوونیان لە رەسوولی خودایە و ئەمەش ئەوەندە بۆ موسوڵمانەکان روون و ئاشکرا بوو کە بە دیتنی ئەو بەڕێزە، رەسوولی خودایان بیر دەهاتەوە.
ئەبووبەکر بەزاز زانایەکی بەناوبانگی سوننە دەنووسێت: بەهی خولامی زوبەیر دەگێڕێتەوە کە رۆژێک عەبدوڵا کوڕی زوبەیر هاتە لای ئێمەوە و ئێمە هەموو رەسوولی خودامان وەبیر هاتەوە کەچی لەو کاتەدا عەبدوڵا کوڕی زوبەیر وتی ئاگادارتان دەکەمەوە کە حەسەن کوڕی عەلی لە هەمووان زیاتر لە رەسوولی خودا دەچێت.
بوخاری دەنووسێت: رۆژێک پێغەمبەرم بینی کە حەسەن کوڕی عەلی لە کۆڵ نابوو و دەیگوت: خودایە من ئەم کوڕەم خۆش دەوێ، تۆش خۆشت بوێ"
کەلابازی لە زانایانی ناوداری سوننە لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: رەسوولی خودا سەبارەت بە ئیمام حەسەن و ئیمام حوسێن دەڵێت: هەر کەس ئەوانی خۆش بوێ، منی خۆش ویستووە و بێگومان خوداشی خۆش ویستووە و هەر کەس ئەوان تووڕە بکات، منی تووڕە کردووە و هەر کەس من تووڕە بکات، خودای تووڕە کردووە.