سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ ئەلمەیادین وتی: ئێمە سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگمان گرتۆتە بەر و بەدوای پێوەندی باش لە گەڵ هەموو وڵاتانی ٥ بەژی جیهانین.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان لەم وتووێژەدا وتی: ئێمە سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگمان گرتۆتە بەر و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە لە سەرووی خواستەکانی ئێمەیە. دووهەم وڵاتە ئاسیاییەکان و پاشان هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان.

ئەو سەبارەت بە پێوەندی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، وتیشی: ئێمە لە سەرەتای دەوڵەتەوە رامانگەیاند دەستی هاوکاری بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە عەرەبییەکان درێژ دەکەینەوە. ئێمە لە لائیکەوە پێوەندی ئێرانی-سەعوودیمان هەیە و لە لایەکی دیکەوە پێوەندی عەرەبی لەگەڵ ئێران. ئەوەی بۆ پێوەندی ئێرانی-سەعوودی دەگەڕێتەوە، ئەوەیە کە پێوەندییەکی باشمان نییە و هەندێ کێشە هەیە کە ئەوەش لە لایەن ئێرانەوە نییە.

ناوبراو روونی کردەوە: هەرکات عەرەبستان بیەوێ لە گەڵ ئێران پێوەندی باشی هەبێت، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین. ئەوەی کە لە گەڵ عەرەبستان پێوەندیمان نییە، بە واتای ئەوە نییە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتە عەرەبییەکان بچڕاوە. ئێمە پێوەندی پتەومان لەگەڵ کوەیت و ئەمارات و دیکەی وڵاتانی ناوچە هەیە.

ئەو سەبارەت بە رژیمی زایۆنیش وتی: ئەمڕۆ رژیمی زایۆنی لە لاوازترین دۆخی خۆی دایە و کێشەی زۆری هەیە بەڵام لە رێگای ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانەوە دەیانەوێ چاوپۆشی لەم لاوازبوونەوە بکەن.

ئەمیرعەبدوڵاهیان هەروەها سەبارەت بە پێوەندی لە گەڵ سووریاش وتی: لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ دەوڵەت دژی سووریا یەکگرتوو بوون بەڵام ئێستا داوای دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەن و ئەمە بە واتای هەڵە بوونی سیاسەتی ئەو وڵاتانەیە.