پەرلەمانتارێکی پێشووی عێڕاق هۆشداریی دا ئەگەری هەیە دەوڵەتی ناوەندی ئەو وڵاتە، بەهۆی حوکمی دادگای فیدراڵی لەسەر نایاسایی بوونی چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم، داهاتە نەوتییەکانی هەرێم بلۆکە بکات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەبارەت بە پاشهاتەکانی حوکمی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق کە چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی نایاسایی وەسف کردبوو و جەختی کردبوو کە ئەبێ ئەو چالاکیانە و داهاتەکانی بخرێتە بەردەست حکومەتی ناوەندی، وتی کە یەکەم کاریگەرییەکانی ئەو حوکمە لە کاتی پێشکەش کردنی گەڵاڵەی بودجەی 2022 ی عێراق بە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەردەکەوێت، چونکوو بە پێێ حوکمی دادگا ئەبێ سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە بودجە باس بکرێت و بهێنرێت.

ئەندامی فراکسیۆنی ئابووری لە سەردەمی پێشووی پەرلەمان، هۆشداریی دا کە ئەگەری هەیە بلۆکە بوونی داهداتە نەوتییەکانی هەرێمیش لە کاریگەری و پاشهاتەکانی دیکەی ئەو حکومە بێت، چونکوو بە پێێ یاسا و هەروەها ئەو حوکمە، دەوڵەتی ناوەندی عێراق دەتوانێت داوا لە بانکەکان بکات ئەو داهاتانە بلۆکە بکات.