بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گەشتیاری بە هۆی پێک ینانی کاروپیشە و داهات، بابەتێکی گرینگ لە گەشە و پێشکەوتنی وڵاتە. لە ئێران٢٦ ئاسەوار تۆماری جیهانی کراوە کە دواهەمینیان ناوچەی هەورامان لە رۆژاوای وڵاتە.
هەورامان ناوچەیەکی مێژوویی خاوەن فەرهەنگ و نەریتی تایبەتە کە بەشێکی لە پارێزگای کرماشان و بەشێکیشی دەکەوێتە نێو پارێزگای کوردستان و هەروەها بەشێکی دیکەشی لە پارێزگای هەڵەبجەی عێراق دایە.
ئەم ناوچە هەندێ تایبەتمەندی جیاوازی هەیە کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بۆ نژیاروانی تایبەت، کەشوهەوای جیاواز، داب و نەریتی تایبەت، جلوبەرگی دەستکرد و خواردنی تایبەت و هەروەها زۆر شتی مێژوویی دیکە بکرێت کە ئەم ناوچەی وەکوو شوێنێکی گەشتیاری ناساندووە.
جەلیل باڵایی، قایمقامی پاوە تۆماری نەتەوەیی چەندین بەرهەم و ئاسەواری ناوچەی هەورامانی لە دیکەی هۆکارەکانی سەرنجڕاکێش بوونی ئەم ناوچە بۆ گەشتیاران زانی و وتی: بەم بۆنەوە پاوە وەکوو جەمسەری گەشتیاری ئێران دێتە ئەژمار.
ناوبراو وتیشی: پرۆژەی گەشتیاری زۆر لەم ناوچە بەڕێوە دەچێت. ماڵ و شوێنی گەشتیاری زۆر بۆ میوانداری لە گەشتیارە بیانی و ناوخۆییەکان ئامادە کراوە.
ئارش لهۆنی نوێنەری پاوە و هەورامانیش وێڕای ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەی هەورامان، وتی: هەورامان ٢٦ەمین ئاسەواری تۆمارکراوی ئێران لە ریزی میراتە جیهانییەکانە کە بۆتە هۆی ناساندنی ئەم ناوچە بە جیهان. بۆیە ئێمەش دەبێ بۆ ناساندنی باشتری ئەم ناوچە بەرنامە دابڕێژین و لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەربگرین.
گەشەی ژێرخانە گەشتیارییەکان و گەشەی گەشتیاری دوو بابەتن کە گرێدراوی یەکترن. گەرچی مێژوو و فەرهەنگی هەورامان بۆ خۆی سەرنجڕاکێشە بەڵام نابێ لە دابین کردنی ژێرخان و جیهازاتی پێویست چاوپۆشی بکرێت.