وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: لە گەڵ باڵوێزی ئێران لە ئۆکراین پێوەندیم گرت و تا ئێستا کێشەیەک سەبارەت بە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئۆکراین بە ئێمە رانەگەیێندراوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەعید خەتیب زادە لە کاردانەوە بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین، وتی: وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر لە سەرەتای قەیرانەکەوە، بنکەیەکی پێک هێنا و هەندێ دانیشتنمان لە گەڵ ئەم بنکەیە و بە بەشداری وەزیری دەرەوە بەڕێوە برد.

ئەو وتیشی: ئێمە لە تاران، کی ئێف و پێتەختەکانی دراوسێی ئۆکراین ئامادەکاریمان کردبوو. جگە لەمەش پێشتر فەرمانی پێویست لەم بارەوە نێردرا بوو.

ناوبراو رایگەیاند: گۆڕانەکانی ئۆکراین بە هەستیارییەوە لە تاران شوێنگیری دەکرێت و وەزیری دەرەوەی ئێران دیپلۆماسییەکی چالاکی لە گەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئۆکراین و رووسیا بووە کە ئاکامی ئەوەش دڵنیا بوونەوە لە دۆخی شیاوی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئۆکراین بوو.