نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبەیاننامەیەکدا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردۆتەوە کە باس لەوەدەکەن ڕێککەوتنێکی پێشووتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی نووری مالیکی بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەبەیاننامەکەی نووسینگەی مالیکیدا هاتووە: بەشێک لە پێگەکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڕدراوی کۆچکردوو مام جەلال بڵاودەکەنەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات کە ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی نووری مالیکی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، کەبەپێی ئەوە ئەگەر هات و تاوەکو مانگی مایسی ساڵی 2007 یاسای نەوت و غازی فیدراڵی پەسەند نەکرا، ئەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت گرێبەستی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی ئەنجام بدات.

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو" هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەوکاتی فیدراڵیدا نەبووە، ئەوەش کە سەرۆکی کۆچکردوو باسی دەکات مەبەستی پێشنیازێکە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی زاڵمای خەلیل زادی باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمەریکا کراوە، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن بەغداوە ڕەتکراوەتەوە، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و هەموو لایەک دەبێت ملکەچی یاساکانی ببن، نەوەک لایەک مافی پێشێلکردنی هەبێت".

رۆژى 15 ئه‌م مانگه‌ دادگاى فیدڕاڵى ڕایگه‌یاند، هه‌بوونى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێم نایاساییه‌.