بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گوێرەی شارپرێس بافڵ تاڵەبانى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەى بڵاوکردوەتەوە و تێدا ئاماژەى بەوە کردوە کە کۆبوونەوەیەکدا پرسە سیاسی، ئەمنی و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە تاوتوێی دۆخەکە کرا و ھەڵوەستەکرا لەسەر پێشھاتەکان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو پێکھێنانی حکومەتێکی تەوافقی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی ئەمڕۆی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.
تاڵەبانى رایگەیاندوە: کۆبوونەوە بەوردی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەڵوێستی لایەنەکانی عێراق و ھەرێم کرد، لە کۆبوونەوەکەدا داکۆکی لە دروستکردنی تەوافق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی تر کرایەوە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، زمانی دیالۆک و دورکەوتنەوە لە دەمارگیری سیاسی و نەتەوەیی بە رێگاچارەی گەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەقەڵەم درا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتیی و چوارچێوەی ھەماھەنگی سوربوونی خۆیان دووپاتکردۆتەوە بۆ چارەسەکردنی سیاسییانە و ئاشتییانەی ھەموو قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات لەم دۆخەی تێدایە، بەشێوەیەک ببێتە ھۆی تەبایی و برایەتی زیاتر لەنێوان ھێزە شیعییەکان، کورد، سونە و ھەموو پێکھاتەکانی تر، ئەمەش لەپێناو ئاوەدانی زیاتر و سەقامگیری سیاسی و ئارامی و ئاسایشی زیاترە.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پەرۆشی یەکێتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی و پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و چاکساز کە خزمەتی زیاتری وڵات و خەڵک بکات.