پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق لەسەر مەترسی ناوەڕۆكی رێككەوتنی سەدر و بارزانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر واژۆکردنی کاغەزی سپیە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ هۆشیار زێباری.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: بارزانی ھەمیشە گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی کورت کردووەتەوە بۆ پۆست و کەسایەتییەکان، نەک کێشە لەمێژینەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا.

دەشڵێت: شۆک نابیت بە بینینی ئەو جۆرە ڕێککەوتنانەی کە "واژۆ کردنی کاغەزی سپی بەرامبەر بە پۆست بۆ ھۆشیار زێباری" بێت و مەبەستی قسەکەشی ڕێكکەوتنی سەرۆکی پارتییە لەگەڵ ڕەوتی سەدر.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، مەرجی ئەمجارەی بارزانی دانانی ھۆشیار زێباری بە سەرۆککۆماری عێراقە.

زیاتر لەسەر ڕێككەوتنەكە هەڵوێستە دەكات و نوسیویەتی: لە پێناوی ئەم پۆستە وا کاغەزی سپی بۆ ھەر لایەنێک ئیمزا ئەکەن کە پشتگیرییان بکات بۆ بەدەستھێنانی پۆستەکە، ئیتر گرنگ نییە کە کاغەز و رێکەوتنەکە چیی تیایە!؟ داخوازییەکانی ھەرێمی تیایە یان نا!؟ نەخشەڕێی چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی تیایە یان نا!؟ سەیری «رێکەوتنی نێوان پارتی و رەوتی سەدر» بکەن بە وشەیەکیش باسی ھەرێمی کوردستان یان ناوچە جێناکۆکەکان یان پێشمەرگەشی تیا نییە. بە وشەیەکیش ئاماژەی تیانییە بۆ ئەوەی عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و دامەزراوەکانی فیدراڵین، ھەر کەسێک ئەو بەڵگەنامەیە بخوێنێتەوە وا تێئەگات کە عێراق دەوڵەتێکی ناوەندییە.

پێیوایە، کورت کردنەوەی کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ پۆست و کەسەکان، ھەمیشە ھۆکاری سەرەکی بون بۆ لاواز کردنی رۆڵی کورد لە بەغدا.