وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کرد کە دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی وڵاتەکەی، هەواڵی وردی خستووەتە بەردەست هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە بووەتە هۆی دۆزینەوە و کوژرانی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستی داعش.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە واع، یەحیا ڕەسووڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کرد کە دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی وڵاتەکەی هەواڵی وردی خستووەتە بەردەست هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

ڕەسووڵ جەختی کرد: ئۆپراسیۆنی کوژرانی تیرۆریست ئەمیر محەمەد سەعید دوای ئەوە ئەنجام درا کە دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی عێراق هەواڵی وردی خستووەتە بەردەست هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە بووەتە هۆی ناسینەوەی شوێن و کوژرانی ناوبراو.

لە هەمان حاڵدا، عەبدول ئەمیر شمری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی عێراقیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کوژرانی سەرکردەی داعش لە باکووری ڕۆژاوای سووریا بۆ تۆڵەی خوێنی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە ئەو گرووپە تیرۆریستییەیە.

شیاوی باسە کە جۆبایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوانیوەڕۆی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بلاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە ئەمیر محەمەد سەعید وەکوو سەرکردەی داعش لە ڕەوتی ئۆپراسیۆنی سەربازی سەربازانی ئەو وڵاتە لە باکووری ڕۆژاوای سووریا کوژراوە.