بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فەلەکناز ئۆجا نوێنەری هەدەپە لە لێدوانەکەی خۆیدا لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەورووپا، بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش و تورکیا بۆ سەر باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دۆزرانەوەی چەکی ناتۆ لە دەستی چەکدارانی داعش، پرسیاری کرد کە چەکی ناتۆ کە دراونەتەوە تورکیا، لە دەستی داعش چ دەکات؟ ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال داوای داخرانی هەرێمی ئاسمانی شەنگال بە سەر ئەو وڵاتەی کرد.
نوێنەری ئێزدیی هەدەپە بە وتنی ئەوەی کە ئێزدییەکان دوای شەڕبۆ دروست کردنەوەی ژیانی نوێ دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، وتی: سەرەڕای ئەوە ئێزدییەکان ئێستاش هەر لەبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادان. تورکیا نەخۆشخانەکان و شوێنە سڤیلەکان دەپێکێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێزدییەکان هیچ هەڕەشەیەک لە دژی تورکیا نین و هەرگیز هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا. ئەبێ لە تورکیا پرسیار بکرێت چیان لە ئێزدیەکان دەوێت.