موقتەدا سەدر رایگەیاند: با دەنگی توندوتیژی بێدەنگ بکرێت و ئەو دەنگە خەڵک و وڵات و ئاسایشی نیشتیمانی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، موقتەدا سەدر رێبه‌ری ره‌وتی سەدر لە تویتەری خۆی رایگەیاند، چەند لایەنێک هەن کە بانگەشەی بەرگری دەکەن، بانگەشەی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا دەکەن لەناوچەی سەوز کە ئەوەش دەبێتە هۆی بوونە قوربانی خەڵکی ئاسایی و منداڵ و ژن و تێکشکاندنی زانست و پەروەردە.

سەدر ئاماژەى بەوەشکرد، نابێت خەڵک بەو جۆرە کارانە هەڵبخەڵەتێن و پێویستە بزانن ئەوان بۆیە ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دوابخەن.

هەروەها باسی لەوەشکردوە، ئەو جوڵانە بۆ ئەوەیە کە بەبیانووی بەکارهێنانی چەکەوە ئەمریکا بیانهێڵنەوە و چارەنووسی خەڵک لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە، چونکە ئەوان بوونیان نابێت بەبێ بوونی داگیرکەر.

ئەمشەو ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا کران، بەڵام لەلایەن سیستەمى بەرگری باڵیۆزخانەکەوە پوچەڵکرانەوە.