شەوی یەڵدا کە لە هەموو ئێران وەکوو جەژنێک دێتە ئەژمار، لە ناو کورداندا بە شەوی چلە دەناسرێت، لە کوردستان ڕێوڕەسمێکی تایبەتی هەیە و خەڵک خۆیان بۆ هاتنی ئەو شەوە ئامادە دەکەن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، یەکەمین شەوی زستان کە لە ئێران بە شەوی یەڵدا و لای کوردان بە شەوی چلە دەناسرێت، لە کوردستان خاوەن ڕێوڕەسمێکی تایبەتە.

لەم شەوەدا بنەماڵەکان لە دەوری یەک کۆ ئەبنەوە و خواردنی تایبەت ساز دەکەن کە لە کوردستان لە مێژە خواردنی ئەم شەوە دۆڵمەی کەلەم بووە و جگە لەوەش هەندێ خواردنی تایبەتی دیکەش بۆ ئەو شەوە دەڕازێننەوە.

خەڵکی کوردستان لە مێژە بە دەوری قورسیدا کۆ دەبنەوە و میوە و ئاجیلی تایبەت و ڕازاوەی لە سەر دەخۆن. کاڵەک تورش لەو خواردنە تایبەتانەیە کە خەڵکی سنە وەکوو گرنگترین خواردنی سەوی چلەی دەزانن و لە سەر هەموو سفرەکاندا دەبینرێت.

پێشتر لە کوردستان ئەگەر بنەماڵەیەک توانای کڕین و دابین کردنی شتومەک و خواردن بۆ ئەوە شەوەی نەبووایا، لە لایەن دراوسێ و کەس و کارەوە خواردنی بۆ ئەبردرا و نەیاندەهێشت لەو شەوەدا بە تەنیا بمێنێتەوە.

گێڕانەوەی حیکایەت، نەقڵ، مەتەڵ و چیرۆک لە لایەن بە تەمەنەکانی بنەماڵەوە باو بووە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. گرینگترین چیرۆکی ئەو شەوە لە سەر خاتوو زەمهەریرە کە زیاتر ژنەکان دەیگێڕنەوە.

هەروەها خواردنی شووتی ڕێوڕەسمێکی تایبەتە کە لە مێژە باوە و خەڵک پێیان وایە خواردنی ئەم میوەیە لە بەرانبەر سەرما و نەخۆشییەکانی ئەو وەرزە دەیانپارێزێت.

لەم شەوەدا یەکێک لە جوانترین ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانیش بەڕێوە دەچێت و ئەوەش بردنی دیاری بۆ تازە بووکەکانە کە بە شێوەیەکی جوان دەڕازێتەوە و لە کوردستان بە خوانچە ناسراوە کە داگری جل و بەرگی نوێ، خواردنی تایبەت و میوەیە.