خۆپیشاندانی دایکانی ئەندامانی پەکەکە لە سنووری سمالکا بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکانیان ٧٣ رۆژە درێژەی هەیە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، خۆپیشاندانی دایکانی ئەندامانی پەکەکە کە چەند مانگ پێشتر لە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست دا، ٧٣ رۆژە درێژەی هەیە.

مێزۆپۆتامیا نووسیویە: ژمارەیەک لە دایکانی ئەندامانی پەکەکە داوایان لە پارتی کردووە تەرمی منداڵەکانیان بدەنەوە. ئەوان ٧٣ رۆژە لە سنووری سمالکا ڕاوەستاون و داوای تەرمی منداڵەکانیان دەکەن. ئەنجومەنی دایکانی گیانبەختکردووانی جزیریش یارمەتی ئەوان ئەدەن و لەم ناوچە خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن.

هەروەها رۆژنیوز نووسیویە: ڕۆژی پێشوو ئەندامانی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشی سووریا و یەکێتی ژنانی لاوی قامشلوو بۆ پشتیوانی لە دایکانی ئەندامانی پەکەکە لە سنووری سمالکا ڕێپێوانیان بەڕێوە برد. هێزەکانی پارتی بە گازی فرمێسک ڕێژ و کوشتن و بڕین هەوڵیان دا خۆپیشاندەران بڵاو بکەنەوە کە لە ئاکامدا ١٥ کەس لە لاوەکان بریندار بوون کە حاڵی دوو کەسیان باش نییە.