بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فواد ئیزەدی ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی تاران لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر، وێڕای لێکدانەوەی سەفەری ڕافائێل گرۆسی، بەرپرسی گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی وتی: ئاژانس بووەتە ناوەندێک کە بە فەرمانی ئەمریکا کار دەکات و گرۆسی فەرمان لە دەوڵەتی ئەمریکا وەردەگرێت؛ ئەو خاڵەش خاڵێکی نوێ نییە، پێشتریش ئامانۆ هەر ئاوا بووە.
ناوبراو زیادی کرد: ئاژانس لە بنکەیەکەوە کە ئەبێ لە بواری تەکنیکی ناڤۆکی کار بکات، بووەتە بنکەیەکی تەواو سیاسی.
کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان وتیشی: کارەکانی گرۆسیش هەر ئەوە نیشان دەدات؛ ئاڵبەت ئەوە بە ئەو مانا نییە کە ناوبراو نەیێتە ئێران، بەڵکوو ئەو کێشە کە هەیە، واتا سیاسی بوونی ئاژانس، بە جۆرێک بەڕێوە ببرێت و سیاسەتی ناڤۆکی وڵات بە بێ بچووکترین سەرەنجێک بە کەشسازییەکان، ڕێگای خۆی بپێوێت.
ئیزەدی زیادی کرد: ئێمە لە ڕابردوو ئەزموونێکمان هەیە کە یەک بە یەکی ڕوانگەکانی لایەنی بەرانبەر جێ بەجێ کرا و شتێک بە ناوی ڕێککەوتنی ناڤۆکی هاتە ئاراوە و بەڕێوەشمان برد، بەڵام دواتر بینیمان کە لە کردەوەدا چ ڕووی دا.
ناوبراو سەبارەت بە هێنانە ئارای گەڵاڵەی جیاواز لە ڕەوتی دانوستانەکان، وتی: گەڵاڵەی جیاواز هاتووەتە ئاراوە و هەرچی بە 8 ی سەرماوەز نزیکتر دەبینەوە، ئەو بابەتانەش زیاتر دەبنەوە.
شرۆڤەکاری پرسە نێودەوڵەتییەکان جەختی کرد: بنەمایەکی گشتی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ بەڵێنەکانی لەژێر ناوی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئەبێ سەرجەم گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە و دڵنیاییەکیش بدرێت کە ئەو هەڵوەشانەوە، کاتی نییە.
ئیزدەی بە وتنی ئەوەی کە ئەگەر ئەو بابەتە بێتە دی، لەژێر هەر ناوێکیش کە بێت، هەنگاوێک بەرەو پێش دەبێت، جەختی کرد: ئەگەر لایەنی بەرانبەر بیەوێت بە کەشسازی، بانگەشە و گۆڕینی ناو و هەڵمەتی دەروونی بگاتە ئامانجەکانی خۆی، ئەوە ڕێگایەکی هەڵەیە.
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی نوێ ئەمریکا لەسەر بەرپرسانی ئێران وتی: پەیامی گەمارۆی نوێی ئەمریکا دیارە و سیاسەتی دژە ئێران ئەمریکا درێژەی هەیە، بەم پێیە چ خاڵ بدەنە ئەمریکا و چ نەدەن، جیاوازیەکی نییە و سەربزێوییەکانی ئەمریکا درێژەی هەیە.
ئەو کارناسە نێودەوڵەتییە وتی: لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا بنەمایەکمان بە ناوی دانوستان بە نیازپاکییەوە هەیە. دانوستان لەژێر ناوی نیازپاکی، واتا کاتێک دوولایەنە ئامادە دەبن بۆ دانوستان، بەدوای چارەسەری کێشەن و بە نیازپاکییەوە دەجنە سەر مێزی دانوستان، نەک ئەوەی کە لە دانوستان وەکوو کارتی گوشار بۆ لایەنی بەرانبەر بەکاری بهێنن.
ئیزەدی وتیشی: کاتێک کە ئەمریکییەکان کەس یان کۆمپانیاگەلێک گەمارۆ دەدەن، نیشانی دەدات، ئەمریکا نیازپاک نییە و بنەما سەرەتاییەکەی دانوستانی لەبەرچاو نەگرتووە. ئەوە پەیامیکە بۆ ئێران کە لە بەرانبەر ئەمریکا ژیرانە هەڵسوکەوت بکات.