ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- عارف قوربانی: هه‌رچه‌نده ئێستا میدیای جیهانی و ناوخۆیی كوردستان، ته‌نیا سه‌رنجیان له‌سه‌ر لێشاوی ئه‌و كۆچه‌یه، كه رووی له بێلاڕووس كردووه، له‌ناو هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه جیاوازهیشدا كه له وڵاته جیاجیاكانه‌وه رێگه‌ی كۆچیان گرتووەته‌به‌ر، تیشكه‌كه له‌سه‌ر كورده‌كانی ناو كۆچبهرهكانە، به‌ڵام له راستیدا ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی به‌ڕێگه‌وه‌ن بۆ ئه‌وروپا ته‌نیا ئه‌وانه‌ی بێلاڕووس نین، رۆژانه له رێگه‌ی ده‌ریای ئیجه‌وه زۆری دیكه ده‌گه‌نه كه‌مپه‌كانی یۆنان و كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا. ئه‌وانه‌شی هێشتا له‌ناو هه‌رێمی كوردستانن و به‌دوای قاچاخچیدا ده‌گه‌ڕێن زۆر زۆرن. له‌ناو توێژێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگەی كوردیشدا، كه خاوه‌ن سه‌رمایه و پارهدارهكانن، ئه‌وانیش زۆریان خه‌ریكی كڕینی پاسپۆرت و ناسنامه‌ی دۆمه‌نیكان. ئه‌گه‌ر رێگه‌یه‌كی ئاسان بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌هۆیه‌وه بگاته ئه‌وروپا، به‌دڵنیاییه‌وه خەڵکێکی زۆر دەیەوێت لە ئەوروپا بژیت.
بۆچی خه‌ڵكی كوردستان کۆچ ده‌كه‌ن؟
ئه‌وه‌ی پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و به‌تایبه‌ت چینی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان رابچڵهكێنێ ئه‌و پرسیاره‌یه بۆچی خه‌ڵكی كوردستان کۆچ ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر رۆژگارێك به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ و دۆخی ئابووریی كوردستانه‌وه گه‌نجه‌كان سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرت و په‌ڕاگه‌نده‌ی وڵاتان ده‌بوون، ئه‌مڕۆ نه‌ك هه‌ر گه‌نجه‌كان پۆل پۆل خێزانه‌كان خانوو و ماڵیان ده‌فرۆشن و رێگه‌ی كۆچ دهگرنەبهر. لهكاتێکدا ئه‌گه‌ر به‌راوردی دۆخی ناوخۆی كوردستان بكه‌ین به هه‌ندێ له‌و وڵاتانه‌ی چه‌ندین ساڵه شه‌ڕی ناوخۆ به‌رۆكی گرتوون، یاخود رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی برسێتی و تینوێتی بوونه‌ته‌وه، كوردستان له‌وان باشتره، به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی كۆچ ده‌كه‌ن له‌ناو كورددا زیاتره له‌وان. ره‌نگه ئێستا ژماره‌ی كورده‌كانی ناو كۆچبه‌ران كه روو ده‌كه‌نه وڵاتانی رۆژئاوا له‌و خێزانه ئه‌فغانیانه‌ش زیاتربن، كه له ده‌ستی تاڵیبان هه‌ڵاتوون.
داهاتووی مه‌ترسیدارتر بۆ كوردستانی عێراق
گه‌رچی هه‌ست به‌وه ناكرێت له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و له ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كوردیدا ئه‌م پرسه بووبێته جێی سه‌رنج و پرسیار، به‌ڵام له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌تایبه‌ت لای ئه‌وروپییه‌كان جێی سه‌رنجه و به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆچی كورده‌كان نیشتمانه‌كه‌ی خۆیان جێده‌هێڵن؟ هه‌ڵوه‌سته نه‌كردن و خۆنه‌خستنه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی هۆكاره‌كانی پشتی ئه‌و كۆچه له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی حوكمڕانی كوردییه‌وه، جێی تێڕامان و مایه‌ی مه‌ترسیی گه‌وره‌یە. ئه‌وه‌ی له رۆژانی رابردوو گوێبیستی بووین له گوته‌بێژ و قسه‌كه‌رانی ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ هۆكاره‌كانی كۆچی كورد له هەرێمی كوردستان، كه ئۆباڵه‌كه‌یان ده‌خسته ئه‌ستۆی (په‌كه‌كه)، یاخود هۆكاره‌كه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌گێڕایه‌وه كه پێشمه‌رگه له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان نین، راسپێردراوی هه‌رێمی کوردستانیش بۆ كاروباری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێی وابوو ئه‌وانه ده‌ستیان له پشته بۆ ناشرینكردن و له‌كه‌داركردنی ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م تێڕوانینانه بۆ هۆكاره‌كانی كۆچی به‌لێشاوی كورد له خودی كۆچه‌كه مه‌ترسیدارتره بۆ ئایندهی كوردستانی عێراق.
مایەی نەنگە خەڵک لە نەبوونیدا کوردستان بەجێبێڵیت
وه‌ك چۆن مایه‌ی مه‌ترسییه نه‌خۆشێك بچێته لای پزیشكێك و به ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵه بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ دابنێت، ئاوهاش مه‌ترسیداره ناوەندەکانی دەسەڵات لە کوردستان به هه‌ڵه ده‌ستنیشانی هۆكاره‌كانی كۆچ بكەن، چونكه ئه‌نجامه‌كه‌ی روون ده‌بێت، كه ناتوانن یان نایانەوێ چاره‌سه‌ری راسته‌قینه بۆ ئه‌وه بدۆزنه‌وه كه خه‌ڵك بۆچی كۆچ ده‌كه‌ن؟ میدیا و هه‌ندێ له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ پاساوی نالۆژیكی بۆ كۆچ بدۆزنه‌وه، كه‌وتوونه‌ته بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری جۆراوجۆر وه‌ك هه‌ل و ده‌رفه‌تی كار و ده‌یانه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌نه‌وه، كه ده‌گوترێت ئه‌مانه له هه‌ژاری و بێكاریدا كوردستان جێده‌هێڵن، یاخود باس له تێچووی گه‌یشتن به ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و بێكاربن چۆن ده‌توانن ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌ستەبه‌ر بكه‌ن. بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه هیچ كه‌سێك به‌بێ هۆكار ئاماده نییه وڵاتی خۆی جێبهێڵێت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كۆچ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر چینی پاره‌داری كوردستان بن، كاره‌ساته بۆ حوكمڕانی كوردی، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی بێكار و هه‌ژاریش بن كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تره، چونكه له جوگرافیایه‌كی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند به سامانی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی، جوگرافیای پڕ له ده‌رفه‌تی سه‌رچاوه‌ی داهات، مایه‌ی نه‌نگی گه‌وره‌یه هاووڵاتییه‌كانی له نه‌بوونیدا جێی بهێڵن.
كۆچی ئێستای خه‌ڵكه له هه‌رێمی كوردستان و بۆ داهاتوویش گەورەتر دەبێت
ئه‌وه‌ی هۆكاری پشت لێشاوی كۆچی ئێستای خه‌ڵكه له هه‌رێمی كوردستان و بۆ داهاتوویش ره‌وی گه‌وره‌تری به‌دوادا دێت، تێکچوونی سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستانه، نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵكه به ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كانی و ته‌نانه‌ت به دامه‌زراوه‌كانی دادوه‌ری و كه‌رته گرنگه‌كانی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ییش. نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسایه، سه‌رهه‌ڵدانی گرووپ و باندی مافیای جۆراوجۆره كه ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرشتدا گرتووه، كه سه‌رچاوه‌ی ژیانی خه‌ڵكن. ئه‌و زوڵم و سته‌مه جۆراوجۆرانه‌ی رۆژانه له میدیا و تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه بڵاوده‌كرێنه‌وه، كه به‌هێزه‌كان له لاوازه‌كانی ده‌كه‌ن، نه‌مانی په‌ناگه‌یه‌ك بۆ چه‌وساوه‌كان په‌نای بۆ به‌رن. ترس له ئێستا و داهاتوو، نه‌مانی ئومێد بۆ رۆژێكی باشتر، ئه‌مانه و زۆر شتی دیکە هۆكاری پشتی ئه‌و لێشاوی کۆچەن كه خه‌ریكه جیهان تووشی سه‌رسوڕمان ده‌كات.
ده‌بێت هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه بهێننه به‌رچاوی خۆیان كه له هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئێستادا به ده‌یان هه‌زار كه‌س رێگه‌ی كۆچیان گرتووەته‌به‌ر، مانه‌وه و درێژه‌كێشانی هۆكاره‌كانی بۆ داهاتوو، لێشاوی كۆچ فراوانتر ده‌كات. سرووشتی مرۆڤ وایه به‌دوای ئارامی و ئاسایش و خۆشبه‌ختیدا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر كوردستان نه‌توانێ ده‌سته‌به‌ری ئه‌و پێداویستیانه بكات، رۆژ له‌دوای رۆژ ده‌رگە و رێگەكانی جێهێشتنی نیشتمان زۆرتر ده‌بن.
ئایا كۆڕه‌وی ملیۆنی روونادات؟
ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده سبه‌ی كوردستان رووبه‌ڕووی دۆخی مه‌ترسیدارتر بووه‌وه، چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت؟ دۆخی ئابووری خراپتر بوو، هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌بوونی و برسێتی زیادیكرد، وشكه‌ساڵی درێژه‌ی كێشا، ئه‌گه‌ر داعش یان گرووپی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی په‌لاماری خه‌ڵك و جوگرافیای كوردستانیدا؟ ئه‌گه‌ر له‌شكركێشییه‌كانی توركیا زیاتر بوون، ئه‌گه‌ر به پیلانی هه‌رێمایه‌تی ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌كداره‌ی له سه‌رچاوه‌ی جیاجیاوه فه‌رمان وه‌رده‌گرن سبه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن، ئایا كۆڕه‌وی ملیۆنی روونادات؟
ئه‌م كۆچه‌ی ئێستا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌ی زۆری ده‌بێت بۆ سه‌ر كوردستان، كۆچبه‌ره‌كان ده‌بنه قوربانی به ئامرازكردنیان له ململانێی نێوان ئه‌وروپا و بێلاڕووس. رۆژانی داهاتوو دیمه‌نی دڵته‌زێنتر له برسا مردن و ره‌قبوونه‌وه‌ی ژن و منداڵ به میدیاكانی جیهاندا بڵاوده‌بنه‌وه، هه‌رێمی کوردستان ده‌خرێته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه، جیهان نائومێدتر ده‌كات به داهاتووی كوردستان. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان به راستی به‌دوای چاره‌سه‌ركردنی هۆكاره‌كانی ره‌وكردنی خهڵكهوهبن، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ نه‌دۆزنه‌وه، به دڵنیاییه‌وه كوردستان پاش چەند ساڵێکی دیکە ده‌گاته دۆخێكی خراپتر.