نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لە پارلەمانی کوردستان وێڕای داکۆکی لە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی هەرێم پارەی پێویست بۆ دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەیە، وتی: هەموو مانگێک چارەنووسی ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی نەوتی عێراق نادیارە.

بە پێی هەواڵی مێهر بە گوێرەی ئێس ئێن ئێن، کاروان گەزنەیی ڕەخنەی لە دەوڵەتی هەرێمی کوردستان گرتووە و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت داهاتی پێویست بۆ دانی مووچەی فەرمانبەرانی هەیە، هەموو مانگێک درەنگ مووچە ئەدات و بیانوویان بۆ ئەم کارەش ئەوەیە کە دەوڵەتی ناوەندی بووجەی ٢٠٠ ملیار دیناری نەداوەتە هەرێمی کوردستان.

ئەو وتیشی: داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە هەر مانگێکدا گەیشتۆتە ٣٠٠ ملیار دینار و یەکێتی جیهانی دژە داعشیش هەموو مانگێک ٢٠ ملیار دینار یارمەتی هێزی پێشمەرگە ئەدات و کۆی داهاتی هەرێمی کوردستان لە مانگدا دەگاتە ١ ملیار و ٣٠ ملیۆن دینار.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: هەموو مانگێک چارەنووسی ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی نەوتی عێراق نادیارە و پارلەمان چەندین جار داوای شرۆڤەی ئەم مژارەی کردووە بەڵام دەوڵەت وڵامێکی نەداوەتەوە.