وابڕیارە سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە لەزیندانی ئەدرنەدایە، لەدوی ئۆکتۆبەری داهاتوو ڕۆمانێکی نوێ بەناوی "ئەفسون" بڵاوبکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دەمیرتاش ڕوونیکردۆتەوە، ڕۆمانەکەی لەگەڵ باشاک دەمیرتاشی هاوسەری‌و هەردوو کچەکەی دەلال‌و دێلدا نوسیوە.

دەمیرتاش لەبارەی بیرۆکەی نوسینی ڕۆمانەکەوە دەڵێت:"لەسەرەتای ساڵی 2020 پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەتورکیاو جیهاندا بڵاوبۆوە، لەوکاتەدا من سێ ساڵ بوو لەزینداندابوم، هەروەک بەهۆی کەرەنتینەوە هاوسەرو منداڵەکانم نەیاندەتوانی لەماڵەوە دەربچن، سەردانی پارێزەرو کەسوکاریش بۆ زیندانەکان ڕاگیرابوو، لەبەرئەوە بڕیارمدا دەستبکەم بەنوسینی کورتە چیرۆک بکەم بۆیان، جگەلەوەی ئەو کتێبانەی دەمانخوێندەوە حەزمان لێی بوو بۆ یەکترمان دەنارد.

هەروەک وتویەتی:"دواتر بڕیارمدا کارێکی بەسودتر بکەم، ئەویش نوسینی ڕۆمانێک بوو، بەڵام ئەمجارە لەڕێگای یارمەتیدانی ئەوان بەناردنی وێنەی گوڵ‌و شوێن‌و دەفرو گۆرانی‌و ناوی کەسایەتیی‌و چەندین زانیاریی تر، دواتر بۆم دەنوسین‌و بەشبەش بۆم ڕەوانە دەکردن تاوەکو بیخوێننەوەو هەڵسەنگاندنی بۆبکەن‌و پێشنیازەکانم بۆ بنێرن.

یەکەمین کتێبی دەمیرتاش کە لەزینداندا نوسیویەتی بەناونیشانی "سەهەر"، لەلیستی ئەو کتێبانەدایە کە زۆرترین فرۆشیان هەیەو وەرگێڕدراوەتەسەر 14 زمان.