یانەی نەتەوەیی هەندباڵی ژنانی ئێران کە ٣ هەندباڵیستی کوردستانییان تێدایە، مۆڵەتی بەشداری لە ڕکابەرییەکانی قارەمانی ژنانی جیهان لە ئێسپانیای وەرگرت.

بە پێی هەواڵی مێهر، ١٨هەمین خولی ڕکابەرییەکانی هەندباڵی قارەمانی ژنانی ئاسیا بە بەشداری وڵاتە جۆراوجۆرەکان بە میوانداری ئۆردۆن لە حاڵی بەڕێوەچوون دایە و تا ٣ی ڕەزبەر درێژەی هەیە و لە کۆتاییشدا ٥ یانەی سەرتری ئەم ڕیکابەرییانە مۆڵەتی بەشداری لە ڕیکابەرییە جیهانییەکانی ئێسپانیا وەردەگرن کە یانەی ئێران ئەم سەرکەوتنەی بە دەست هێناوە.

شەقایق باپیری، موژگان قارەمانی و هەدیە وەیسی سێ هەندباڵیستی کوردستانی لەم ڕکابەرییانەدا هاوڕێ لە گەڵ یانەی نەتەوەیی بەشدارییان کرد و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەندباڵی ژنانی وڵاتدا سەرکەوتن.

شیاوی ئاماژەیە ڕکابەرییەکانی هەندباڵی قارەمانی ژنانی جیهان ساڵی داهاتوو بە میوانداری وڵاتی ئێسپانیا بەڕێوە دەچێت.