نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەن وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئێران دانوستانێک دەکات کە ئاکامی هەبێت، وتی: تا کاتێ گەمارۆکان درێژەی هەبێت، چاوەڕوانی سەبووریتان لە ئێران نەبێت.

بە پێی هەواڵی مێهر، کازم غەریب ئابادی باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی وڵاتمان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەن، لە کۆبوونەوەی وەرزیی ئەنجومەنی حاکمانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە بەرجامی بۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام تاوتوێ کرد.

ئەو وتی: ئەمریکا بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی لە ڕێگای چوونە دەرەوە لە بەرجام و سیاسەتی زۆرترین گوشار پێشێل کرد کە کاریگەری ڕووخێنەری لە سەر ئاسایی کردنەوەی پێوەندی بازرگانی و ئابووری لە گەڵ ئێران هەبوو.

ئەو وتیشی: جێی داخە کە وڵاتانی ئەورووپی نایانەوێ ئەمریکا بە هۆی چوونە دەرەوەی نایاسایی و یەک لایەنەی لە بەرجام ئیدانە بکەن و داوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانیان لێ بکەن بەڵام لە ئێران داوا دەکەن بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.

ناوبراو ڕوونی کردەوە: تا کاتێ گەمارۆکان درێژەی هەبێت، چاوەڕوانی سەبووریتان لە ئێران نەبێت. چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێمە لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا بە تەواوەتی ئاشتی خوازانەیە و لە ژێر چاودێری ئاژانس دایە.

غەریب ئابادی داکۆکی کرد: داوا لەم وڵاتانە دەکەین خەڵک فریو نەدەن و بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن. هەروەک سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەش ڕایانگەیاند ئێران دانوستانێک دەکات کە ئەنجامی هەبێت. بۆمان گرینگە کە ئاکامی ئەم هەوڵانە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و دیسانەوە ئێمە بینەری چوونە دەرەوەی ئەمریکا و پێشێل کردنی بەڵێنەکان نەبین.

نوێنەری هەمیشەیی ئیران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەن وتیشی: بێگومان هەر بڕیارێکی ئێران بە پێی ڕەچاوکردنی سیاسی دەبێت و ئاژانس ناتوانێ ئەوە بە خواستی خۆی بزانێت. ئاژانس وا راهاتووە کە تەنیا لە بیری چاودێران و جیهازات خۆی دایە و ئەرکی خۆی لە بەرانبەر خراپەکاری تیرۆریستی جێبەجێ ناکات.