بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆپخانەکانی ئێران گوندەکانی تەلان و کوێستانەکانی بەربزین و بن رەشکینیان لەسنوری ناحیەی سیدەکان  تۆپبارانکرد و تائێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانە نەزانراون.

بە پێیڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران بۆ ماوەی 30 خولەک گوندەکانی تەلان و کوێستانەکانی بەربزین و بن رەشکینیان لەسنوری ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆرانیان تۆپباران کرد.

وەک هاوڵاتیانی سنوری سیدەکان باسی دەکەن بەچڕی سنوری هەر سێ ناوچەکە تۆپبارانکراون و تائێستاش فرۆكه‌ به‌سه‌ر سنوری ناوچه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌، هەروەها تائێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانە نەزانراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی دوشەممە محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و وتی، دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتوە و کۆماری ئیسلامی "وەڵامێکی توندی" ئەو چالاکییانە دەداتەوە.

دوای بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سوپا لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە درێژەی بەهێرشەکانی بۆسەر دژبەرەکانی لە خاکی هەرێم دا.

ئێران بەدرۆن زنجیرەیەک هێرشی بۆسەر سیدەکان ئەنجامدا، ئەوەش لەڕێگەی بۆمبڕێژکردنی درۆنەکان‌و پاشان بەردانەوەی بۆ زەویی.