سەرۆک کۆمار وتی: گەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵسوکەوتی نایاسایی هەبێت، نابێ چاوەڕوانی کاردانەوەی باشی ئێران بن، هەڵسوکەوتی نایاسایی بێگومان تێکدەری دانوستانەکانە.

بە پێی هەواڵی مێهر، شارل میشل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا ئەمڕۆ لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران تەلەفونی وتووێژیان کرد.

رەییسی لەم وتووێژەدا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ پێوەندییەکانی لە گەڵ یەکیەتی و وڵاتانی ئەورووپا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا گەشە پێ بدات.

سەرۆک کۆمار سەبارەت بە رووداوەکانی ئەفغانستانیش وتی: هەموو وڵاتەکان دەبێ پێکەوە هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لە ئەفغانستان بێتە سەر کار کە بتوانێت ئاشتی، ئاسایش و گەشە بۆ ئەم وڵاتە بێنێتە ئاراوە.

ئەو سەبارەت بە بەرجامیش ڕوونی کردەوە: باش دەزانن ئێران هەرگیز یاساکانی بەرجامی پێشێل نەکردووە و ئەوە کاری ئەمریکییەکان بوو. چاوەڕوان دەکرا ئەورووپییەکان بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن کەچی ئەمەش ڕووی نەدا و لە لایەن ئەوانیشەوە یاساکان پێشێل کرا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: گەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەڵسوکەوتی نایاسایی هەبێت، نابێ چاوەڕوانی کاردانەوەی باشی ئێران بن، هەڵسوکەوتی نایاسایی بێگومان تێکدەری دانوستانەکانە.

شارل میشلیش لەم وتووێژەدا وتی: گەمارۆکان کاریگەری خراپی لە سەر پێوەندی یەکیەتی ئەورووپا و و ئێران بووە و ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی گرینگ بوونەوەی واتای سەربەخۆیی ستراتیژیک بۆ یەکیەتی ئەورووپایە.