وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێران لە یەکەمین وڵاتانی ناوچە بوو کە عێراقی نوێی بە فەرمی ناسی و لە بواری پێشکەوتن و گەشەی ئابووری ئەم وڵاتە هەوڵی زۆری داوە.

بە پێی هەواڵی مێهر، حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان لە کۆبوونەوەی ناوچەیی بەغدا وتی: پاش شەڕی تیرۆریستەکانی داعش، عێراق خەساری زۆری بینی. ئێران بۆ بەرەنگاری لەگەڵ تیرۆریزم خێرا یارمەتی عێراقی دا و هەموو هەوڵی خۆی بۆ لەناوبردنی تیرۆریزم بەکار هێنا.

ئەو وتیشی: واشینتۆن بە کوشتنی کەسانێکی وەکوو شەهید سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندس تاوانێکی گەورەی ئەنجام دا. دەمەوێ ئاماژە بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی وڵاتانی دەورووبەر بکەم. بێگومان سووریا لە سەرووی وڵاتانی ناوچەیە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئاسایشی هەمیشەیی لە ناوچە تەنیا لە ڕێگای بڕوای نێوان وڵاتان بە یەکتر مومکین دەبێت و دەستێوەردانی بیانییەکان لە ناوچە کێشە و ئاڵۆزی بەدواوە دەبێت.