بە پێی هەواڵی مێهر، یەزد یەکێک لە شارە گەورەکانی ئێرانە کە لە ناوەندی ئەم وڵاتە دایە و وەکوو دووهەمین شاری مێژوویی جیهان دەناسرێت.
مەودای نێوان شاری یەزد تاکوو تاران 627 کیلۆمەتر و هەروەها مەودای نێوان یەزد تاکوو کوردستان 976 کیلۆمەترە و هاتووچۆ بە فڕۆکە و شەمەندەفەر و پاس ئەنجام دەبێت.
ئەم شارەگەورە لە زۆر بواری مێژوویی، فەرهەنگی و سروشتی و ... ناوبانگی جیهانی دەرکردووە. جگە لەمەش لە ناوخۆی ئێراندا وەکوو جەمسەری پزشکی و بە تایبەت چارەسەر کردنی کێشەی نەزۆکی دەناسرێت.
یەزد؛ شاری بنیاتنەری چارەسەری نەزۆکی
لە وڵاتی ئێمە ساڵەهایە لە بواری چارەسەر کردنی کێشەی نەزۆکی ژنان و پیاوان کاری باش کراوە و هۆی شانازییە کە یەکەمین بروسکە زانستییەکان لەم بوارەدا لە یەزد بووە و ئەم شارە وەکوو شاری بنیاتنەری چارەسەری نەزۆکی دەناسرێت.
ئەم پارێزگایە لە بواری ژنتیک و چارەسەری نەزۆکی لە ئاستێکی بەرز دایە و تەنانەت لە وڵاتانی ناوچەشدا پێگەیەکی بەرزی هەیە.
ساڵانی پێشوو زۆربەی نەزۆکەکان بەدوای وەرگرتنی چارەسەری باش و کاریگەر بۆ وڵاتانی دیکە سەفەریان دەکرد بەڵام زانستی پزیشکی و پێشکەوتن وای کرد کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی دیکەوە بە مەبەستی چارەی ئەم کێشەیە بۆ ئێران و بە تایبەت شاری یەزد سەفەر کەن.
توێژینگەی پزیشکی زاوزێی یەزد وەکوو جەمسەری زانستی وڵات لە چارەسەر کردنی نەزۆکی، جگە لە خزمەتگوزاری بۆ نەخۆشەکانی وڵاتەکەمان، خزمەتگوزاری نەخۆشانی وڵاتانی پاکستان، عێراق، ئەفغانستان، سووریا و ئازەربایجانیش دەکات و پێگەی بەرزی زانستی پزیشکەکانی ئەم ناوەندە بۆتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 32لەسەدی جووتە نەزۆکەکان سەردانی ئەم شوینە بکەن.
ڕۆژانە 150 کەس سەردانی توێژینگەی پزیشکی زاوزێی یەزد دەکەن
عەباس ئەفلاتوونیان، سەرۆکی توێژینگە لەم بارەوە دەڵێت: ڕۆژانە زیاتر لە 150 کەس بۆ چارەسەر کردنی نەزۆکی سەردانی ئەم ناوەندە دەکەن و لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ناوەندە تا ئێستا 25 تا 30 هەزار منداڵ بە شێوە جۆراوجۆرە زانستییەکان لە دایک بوون.
لەم ناوەندە باشترین پزیشکەکان چالاکی دەکەن و لە نوێترین و باشترین دەرمانەکانی جیهان کەڵک وەردەگیردرێت. بەختەوەرانە 32 لە سەدی ئەوکەسانەی بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ئەم توێژینگە دەکەن، لە ئاکامدا کێشەیان چارەسەر کراوە و منداڵیان بووە کە ئەمەش ئامارێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێشە.
ئەم ناوەندە لە ساڵی 69وە چالاکی خۆی دەست پێ کردووە و پاش چەند ساڵ ئاستی بۆ توێژینگە بەرز کرایەوە.