سەرۆک کۆمار وتی: دەستێوەردانی بیانییەکان لە ناوچە نە ئاسایش و سەقامگیری و نە گەشە و پێشکەوتنی بەدواوە نابێت.

بە پێی هەواڵی مێهر، سەید ئیبراهیم ريییسی لە وتووێژی تەلەفونی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: عێراقی بەهێز، سەربەخۆ، یەکگرتوو، ئاوەدان و پێشکەوتوو نەک هەر ئاواتی ئێمەیە بەڵکوو مەبەستی سەرەکی هەر دوو لایەن لە گەشەی هاوکاری هەر ئەوەیە.

ئەو وێڕای ڕێزگرتن لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بۆنەی بانگهێشتی ئێران بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی ناوچەیی بەغدا، وتی: هەر کردەوە و داهێنانێک کە جێگیربوونی دۆخی عێراقی بەدواوە بێت پشتیوانی لێ دەکەین.

ناوبراو ڕایگەیاند: یەکەمین دەستکەوتی ئەم کۆنفڕانسە نیشان دانی دەسەڵاتی عێراق لە ناوچە و دووهەمین دەستکەوتیش نیشان دانی دەسەڵاتی ناوچە و هەروەها ئەم بابەتەیە کە وڵاتانی ناوچە دەتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر کەن.

سەرۆک کۆمار وێڕای داکۆکی لە سەر ئەوەی کە وڵاتانی ناوچە دەتوانن گەڵاڵەی بە دەست هێنانی ئاسایش و ئاشتی پێکەوە دابڕێژن و بەڕێوەی ببەن، وتی: دەستێوەردانی بیانییەکان لە ناوچە نە ئاسایش و سەقامگیری و نە گەشە و پێشکەوتنی بەدواوە نابێت.

ئەو ڕوونی کردەوە: بە هەمان شێوە کە بڕوامان بە پێوەندی وڵاتان پێکەوە هەیە، بە هەمان شێوەش لە سەر ئەم بڕوا کە تەنیا وڵاتانی ناوچە دەتوانن بۆ چارەنووسی ناوچە بڕیار بدەن داکۆکی دەکەین.

رەییسی وێڕای داکۆکی لە سەر پێویستیی چارەسەر کردنی کێشەی یەمەن و ڕاگرتنی شەڕ لەم ولاتە، وتی: هەموو دەبێ بەدوای ڕاگرتنی شەڕ لە یەمەن بن و ڕێز بۆ مافی خەڵکی ئەم وڵاتە دابنێن.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم وتووێژەدا وتی: وتە بەنرخەکانی ئێوە لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردندا نەخشە ڕێگای پێوەندی لە گەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهانە.

ئەو وتیشی: تاران شەریکی ڕاستەقینەی بەغدایە و هەمیشە لە دۆخی دژواردا لە پەنای خەڵک و دەوڵەتی عێراق بووە.

کازمی وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ بینەری قەیرانی قووڵ لە ناوچەین و چارەسەر کردنی ئەوانەش پێویستی بە سەبر و هاوکاری وڵاتانی ناوچەیە، وتی: هیواداریم لە کۆبوونەوەی دراوسێیەکانی بەغدا سەرۆک کۆماری ئێران ببینم.