وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند: درەنگانی شەوی رابردو بە 14 موشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و سێ کەس برینداربون.

واین مارتۆ، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شەڕی دژی داعش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:30ی شەوی رابردو بنکەی سەربازی ئاسمانی عەین ئەسەد بە 14 موشەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربون کە برینەکەیان سوکە.

هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد لەکاتێکدایە، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی رابردو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوە، تەنها ئاگر لە پوش و پەڵاش کەوتەوە".

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندوە، "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوە، تەنها ئاگر لە پوش و پەڵاش کەوتوەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن".