34 ساڵ لە بۆردومانی کیمیایی سەردەشت (یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهان) تێدەپەڕێت و هێشتا بلۆق و کۆخە وشەکەکان بەشێکن لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەو شارە سنوورییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، 7ی پووشپەڕی ساڵی 1366ی هەتاوی بەرامبەرە لە گەڵ هێرشی کیمیایی ڕژیمی بەعس بۆ سەر شاری سنووریی سەردەشت و قەومانی یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مرۆیی لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و پەسند کرانی کۆنوانسیۆنەکانی قەدەغەی چەکی کیمیایی لە ئاستی جیهاندا.

لەو جەنایەتە مرۆییەدا 130 کەس لە 12 هەزار دانیشتووی ئەو شارە گیانیان لە دەست دا 109 کەس لە یەکەم رۆژی کارەساتدا) و نزیکەی 10 هەزار کەس کەوتنە بەر شاڵاوی کیمیایی. ئەگەرچی پاش 34 ساڵ لەو ڕووداوە بە هۆی کاریگەرییەکانی گازی کیمیایی خەردەل هێشتا دانیشتووانی ئەو شارە گیرۆدەی پاشهاتە نەگریسەکانی کیمیابارانن.

بلۆقی هەۆکردوو، قۆخەی ویشک و برینی کۆنی سارێژنەبوو کە نزیکەی چوار دەیەیە هەرچی رۆژە دەم دەکاتەوە هەتا بێبەشی و چارەرەشیی ئەو خەڵکە سنوورنشینە هاوار بکات؛ برینگەلێک کە بە هۆی کەمتەرخەمیی پێڕاگەیشتنی بەرپرسان زیاتر تەشەنەی سەندووە و بۆتە ژانێکی دووقاتە و ئەوکی دانیشتووانی یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی جیهانی گرتووە.

لێرە کات و سات لە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٦٦ی هەتاویدا وەستاوە و پێکەنین و شادی خەڵکی ئەو زێدە لە زەمانی عایەق‌کراوی ئەو رۆژەدا چاڵ کراوە و جاری نایەوێ دەست لە یەقەیان بکات، ئەویش لە کاتێکدا کە بە گوێرەی کارناسان کاریگەریی نەگریسی خەردەل بڕیارە بۆ ١٠٠ تا ١٨٠ ساڵ بەردەوام بێ و سێ بەرە تێوەگلێنێت. هەر بۆیە سەیر نییە کاتێک دەبیستی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە کە نابێ لە دانیشتووانی ئەو شارە خوێنی یارمەتی بۆ بانکی خوێن وەربگیرێت.

پاش 34 ساڵ هێشتا ئازار هەیە

هێشتاش پاش 34 ساڵ ئامارێکی ڕاست و دروست لە ژمارەی بەرکەوتووانی کیمیایی بە دەستەوە نییە. هێشتاش ٨ هەزار کەس هاواری بەرکەوتوویی دەکەن و نەیانتوانیوە ئەم داواکارییەیان بسەلمێنن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئەو پزیشکانەی سەردانی سەردەشتیان کردووە و بەرکەوتووانیان بینیوە، ژمارەی بەرکەوتووان و بریندارانی کیمیایی سەردەشت زیاتر لە ٨ هەزار کەسە، ڕێژەیەک کە کاتی خۆی بەرپرسانی فەرمی ئێرانیش پشت‌راستیان کردۆتەوە. تەنانەت کۆلۆنێل عەلەو پانین لە کارناسانی چەک و چۆڵی کیمیایی کە کاتی خۆی بە نوێنەرایەتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سەردەشتی کردووە، بە ڕاشکاوی دان بە بەرکەوتوویی ڕاستەوخۆی ٨ هەزار و ٦٠٠ کەس لە شاڵاوی کیمیایی سەردەشت دەکات؛ بەڵام تەنانەت ئەو بەڵگەیەش نەیتوانیوە داواکاری خەڵکی ئەو شارە بسەلمێنێت.

ڕەحیم واحدی ئەندامی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت لەوبارەیەوە بە ئاماژە بە بەکارهێنرانی گازی خەردەل و دەمار لە بۆردومانی سەردەشت بە بەراوەردە لە گەڵ گازی سیانۆری بە کار هێنراوە لە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە و بیرهێنانەوە درێژخایەن‌تر بوونی کاریگەرییەکانی خەردەل لە سەر سروشت و لەشی بەرکەوتووان، دەڵێ: تا ئێستا نەمانبووە کەسێکی بەرکەوتەی گازی خەردەل چابووبێتەوە و پاشهاتەکانی لە سەر سیە، پێست و چاو دەمێنێتەوە و لەو ڕووەوە ئەزموونی کارەساتی سەردەشت تەنیا بە رۆژی بۆردومانەکەی نابەسترێتەوە و لە تەواو ئەو ساڵانە درێژەی بووە.

دەرمانی بەرکەوتوانی کیمیایی ئێران دەستناکەوێت

ساڵح عەزیز پوور سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت ئاماژەی بە مەترسییەکی گەورەتر بە ناوی تەشەنەی کۆرۆنا و بەستێنی لەباری تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە لە شاری سەردەشت بە هۆی نەخۆشیگەلی بەستێنی خەڵکی ئەو شارە کرد و ڕاشیگەیاند: بە هۆی دۆخی تایبەتی کۆرۆنا و زەروورەتی پاراستنی گیانی خەڵکی و سنووردانانی کۆمەڵایەتی، لەوساڵدا ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت هیچ پرۆگرامێکی تایبەتی نابێ.

جەختی کرد: لەوساڵدا هاوکاتی 34مین ساڵوەگەری کیمیابارانی شاری سەردەشت، کێشە و کەمایەسییەکان هەر وەک خۆیانن و هیچ هەوڵ و هەنگاوێک لە بەرپرسان بۆ چارەسەریی کێشەکان و سیەی ئاخێنراوەی خەڵکی ئەم شارە نین و تاقە کلینیکی دەرمانی تایبەتی گیانبازانی سەردەشت بە نیوەچڵی و بە بێ پزیشک و بێ ئیمکاناتی تایبەتی دەکرێتەوە و خود دەرمانی تایبەتی گیانبازانی کیمیایی نایابە و خەڵکی هەرچی رۆژە بۆ دانین کردنیان مەرگێکی نوێ ئەزموون دەکەن.