میدیا بیانییەکان ڕووماڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێرانیان دەست پێ کرد و ئاماژەیان بۆ بەشداری ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە هەڵبژاردن لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکی دەنگ دان کرد.

بە پێی هەواڵی مێهر، هاوکات لە گەڵ دەستپێکردنی سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ئیسلامی شار و گوندەکان لە ئێران، میدیا بیانییەکان ڕووماڵی ئەم ڕووداوەیان دەست پێ کرد. بە تایبەت ئاماژەیان بۆ بەشداری ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە هەڵبژاردنەکان لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی دەنگ دان کرد.

ئەلقودس ئەلعەرەبی ڕایگەیاند: بنکەکانی دەنگ دان لە ئێران کرانەوە و ئایەتۆڵا خامنەیی داوای بەشداری بەهێزی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی کرد.

هەواڵدەریی فەڕانسە نووسیویە: بەیانی ئەمڕۆ هەینی و پاش دەستپێکردنی ڕەوتی هەڵبژاردنەکان، ئایەتۆڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە حسەینییەی ئیمام خومەینی ئامادە بوو و دەنگی دا.

هەروەها ڕایگەیاندووە: بە پێی ڕاگەیندراوی دەوڵەتی ئێران بنکەکانی دەنگ دان کاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن بەڵام دەکرێ تا دوو کاتژمێری دیکەش درێژ بکرێتەوە.

ئەلئەهرامی میسر ئاماژەی بۆ دەنگ دانی ڕێبەری مەزن کردووە و نووسیویە: هاوکات لە گەڵ کرانەوەی بنکەکانی دەنگ دان، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دەنگی دا.

ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران

کەناڵی ئەلجەزیرە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و نووسیویە: دەرگای بنکەکانی دەنگ دان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ کە ببێتە جێگری حەسەن ڕۆحانی، بە ڕووی خەڵکدا کرانەوە.

ئەم میدیایەش ئاماژەی بۆ بەشداری ڕێبەری مەزن لە دەنگ دان کرد و نووسیویە: هاوکات لە گەڵ کرانەوەی بنکەکانی دەنگ دان، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە حسەینییەی ئیمام خومەینی دەنگی دا.

ئەم کەناڵە ئاماژەی بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان و هەروەها وتەکانی ڕێبەری لە کاتی دەنگ داندا کردووە و ڕایگەیاندووە: پاش ئەوەی سێ کاندید پاشگەز بوونەوە، سەید ئیبراهیم ڕەییسی، عەبدولناسر هیمەتی، موحسین ڕەزایی و قازی زادە هاشمی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران پێکەوە ڕیکابەری دەکەن.

هەروەها کەناڵی ئەلمەیادین ڕایگەیاندووە: ناوەندەکانی دەنگ دان لە ئێران کرانەوە بۆ ئەوەی 59 ملیۆن ئێرانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا بەشدار بن.

پاشان باسی بەشداری ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە هەڵبژاردنی کردووە.

ئەلعەرەبی ئەلجەدیدیش هەواڵی کرانەوەی بنکەکانی دەنگ دانی ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بۆ ناوی کاندیدەکان و هەروەها ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کردووە کە دەتوانن لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن.

هەروەها ئاماژەی بۆ دەنگ دانی ڕێبەری مەزن کردووە و ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی ئێرانی بە مەبەستی ڕێگری لە تەشەنەی زیاتری کۆرۆنا لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان خاڵە تەندروستییەکانیان ڕەچاو کردووە.