شۆڕشەکەی ئیمام وای کرد مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە دینییەکان و تەنانەت کەسایەتییە سیاسیەکانی بوێری بە خۆیان بدەن و بەرامبەر ستەمکاران بوەستن و ترس و دڵەڕاوکەیەک کە پێش لە شۆرەشی ئیسلامی لە ناو کۆمەڵگای ئیسلامی دا هەبوو، گەڕاویەوە و خەلک ئومێدی پەیدا بوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: مامۆستا حوسێین خوشناو وتارخوێنی مزگەوت و حوسەینیەی ئایەتوڵا حەکیمم لە شاری سلێمانی باسی کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕێبەرایەتی کەسایەتییەکی ئایینی وەکوو ئیمام خومەینی لە سەر گەلە چەوسێندراوەکانی جیهان دەکات.

دیمانەیەک سەبارەت بە کاریگەری ئیمام خومەینی و شۆرشی ئیسلامی ئێران لە سەر وڵاتانی ناوچە لە گەڵ مامۆستا حوسێین خوشناو وتارخوێنی مزگەوت و حوسەینیەی ئایەتوڵا حەکیم لە شاری سلێمانی ئەنجام بووە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕێبەرایەتی کەسایەتییەکی ئایینی وەکوو ئیمام خومەینی لە ئێران بۆ دژایەتی ستەمکاریی شای پەهلەوی، تا چ ڕادەیەک کاریگەریی هەبوو لە سەر هاندانی گەلانی ناوچەکە بۆ ڕاپەڕین دژی ستەمکاران بە تایبەت کوردەکان بۆ بەرەنگاریی زوڵم و ستەمی حاکمانی ئەو کاتەی بەعس؟

بێگومان لە شۆرشی ئیسلامی ئێران کاریگەری زۆر جدی هەبوو لە سەر گۆڕانکاری لە وڵاتاندا و بە تایبەت لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا و بە تایبەتتر ئەوەی کە ڕێبەرایەتی ئەم شۆرەشە پاک و بێگەردە لە ئەستۆی کەسێکی ئایینی وەکوو حەزرەتی ئیمام خومەینی ڕەحمەتی خوای لێ بێ، بووە.

ئینسان ئەتوانێ موعجیزه بە چاوی خۆی ببینێت تەنانەت لە دوای پێغەمبەرانیش لە ناو پایتەختی وڵاتێک کە چەند هزار ساڵە شاهەنشاهی و دەسەڵاتدارانی زڵهێز و ستەمکار حوکمی ئەکەن و بەو پەڕی بێڕەحمییەوە میلەتی ئێرانیان ئەچەوساندەوە، پیاوێکی ڕیش سپی, عەمامەبەسەر, خواناس, بێترس, بێ ئەوەی که هیچ بیرێک لە گیانی خۆی بکاتەوە دێت لە ناو پایتەختەکەدا لە تەیارەو دائەبەزێت و بەوپەری دڵفراوانی و بەوپەری دڵنیا بوون بە خۆ و بەوپەری هیمەتەوە و پشتیبان بە خوا بوونی سەد لە سەدی ئەم پیاوە دێ لە ناو جەرگەی ئەم وڵاتە و لەم پایتەختەدا و لە ناو مەیدانێک کە دەوربەرەکەی هەمووی بەتاڵە و لە هەر لایەکەوە ئەتواندرێ هجوومی بکرێتە سەر، بێ ترسانە بانگی دروستکردنی دەوڵەت ئەکات و ئەفەرمێ من دەوڵەت دروست ئەکەم و دەوڵەتی زڵهێزی ئەوکاتە ئەروخێنین بە پشتوانی خوا و بە کومەک و هاوکاری گەلەکەم.

ئەمە لای مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە دینییەکان و تەنانەت کەسایەتییە سیاسیەکانی وای لێکردن کە بوێری بە خۆیان بدەن و بەرامبەر ستەمکاران بوەستن و ترس و دڵەڕاوکەیەک کە پێش لە شۆرەشی ئیسلامی لە ناو کۆمەڵگای ئیسلامی دا هەبوو، گەڕاویەوە و خەلک ئومێدی پەیدا بوو.

من زۆربیستوومە لە سەرتاسەری دونیا و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش چەندین کەس هەبوون چاوەرێی سەرکەوتنی ئەم شۆرشە بوون و ئومێدیان بەستبوو بەم شۆرشە و بە ڕاستی دڵخۆش بوون لە ئەوەی کە پیاوێکی وەک حەزرەتی ئیمام ڕەحمەتی خوای لێ بێت سوڵتە و دەسەڵاتی وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی گرتە دەست و کۆماری ئیسلامی دروست کرد.

ئەندێشەی دروست بوونی ڕێبەرایەتییەکی یەکە بۆ جیهانی ئیسلام کە ئیمام خومەینی داکۆکی دەکردە سەر، ئێستا چەندە بۆ جیهانی ئیسلام و موسڵمانان پێویستە؟ بە تایبەت لەم کاتانەدا کە موسڵمانان لە زۆر شوێنی جیهاندا لە ژێر گوشاری دوژمندان.

که بیر و هزری ئەوەمان هەبێت کە ئیمام ڕەحمەتی خوا لێ بێت ئەم بنیاتەی دانا, ئەویش ئەوە بوو کە کەسێکی دیندار بۆ سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی ببێتەوە ئوسوە و پێشەوا و هەموو موسڵمانان لە دەوری کۆ ببنەوە و من پێم وایە ئەمڕۆ و ئێستا و لە هەموو سەردەمێک زیاتر ڕەنگە بتوانم بڵێم پێویستمان بەو کەسایەتیە هەیە کە سەرپەرستی وڵاتانی ئیسلامی و جیهانی ئیسلام بکات.

بە مەرجێک موسڵمانان لە تەفرەقە و دووبەرەکی و ڕق لەیەک هەڵگرتن و دژایەتی کردنی یەکتر و چال بۆ یەکتر هەڵکەندن واز بێنن. ئەمە ئاواتی هەموو ئینسانێکی ئیمانداری ڕاستەقینەیه ئەمە ئاواتی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی دڵسۆزە بۆ دینی خوا و پێغەمبەرەکەی کە یەک کەسایەتی لێهاتووی بەتوانای زانا و هەڵگری پەیامی خوا و پێغەمبەری خوا سەرپەرەستی جیهانی ئیسلام بکات.

ئەم ئاواتە ئینشەڵا نابەینە گۆر لەگەڵ خۆمان و بە چاوی خۆمان ئەیبینین بە ڕێبەرایەتیی ئیمامی زەمان و حەزرەتی مەهدی سڵاوی خوای لە سەر بێت که ئینشەڵا دونیا سەرتاسەر چاومان بە جەمالی هاتنی ئەم پیاوە بەڕێزە ڕووناک ببێتەوە هەر چی زووتر بێت و ئەم دەسەڵاتەی جیهانی ئیسلام بگرێتە دەست و هەموومان لە دەوری کۆ ببینەوە.

ئیمام ئەمەی دەرک کردبوو ناکۆکی و دووبەرەییەکانی جیهانی ئیسلامی دەرک کردبوو و ئەیزانی بەڕاستی پێویستە جیهانی ئیسلام یەک قیادە بیگرێتە دەست و یەک کەسایەتی بیگرێتە دەست . تا ئەندازەیێکی زۆر من پێم وایە کۆماری ئیسلامی توانی ئەم کاریگەرییەی هەبێت بەڵام هەر وەکوو پێویست موسڵمانان ئیستیجابەیان نییە و ئەمەش لە ئێستایە نییە لە هەموو سەردەمێکدا بووە, حەتا لە زەمانی پەیغەمبەری خوا مرۆڤ وەکوو پێویست لە دەوری پێغەمبەر کۆ نابوونەوە.

جاری وا هەبوو لە شەر جێیان ئەهێشت, جاری وا هەبوو لە ناو نوێژی جومعەوە جێیان ئەهێشت و لە دوای ئەو خانەدانەکەی که ئەهل و بەیتی پێغەمبەرن بە هەمان شێوە خەڵک لە دەوریا کۆ نەبوونەو وەکوو پێویست, گەرچی ئەوان بۆ هەموو ئومەت بوون, بۆ هەموو ئینسانیەت بوون, بە بێ جیاوازی, بەڵام خەڵکەکە لێیان تێنەگەهیشت و هاوکاری نەدەکردن و پشتیوانی نەکردن.

هیوادارین کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی ئەمڕۆی ئایەتوڵا خامەنەیی بتوانێ ئەم قیادە و ئەم سەرپەرەشتیەی جیهانی ئیسلام بگرێتە ئەستۆ و خەڵکانێک کە بە ڕاستی دڵسۆزی دینی خوای پەروەردگارن پشتیوانی بکەن و هاوکار بن بۆ ئەوەی کە یەک قیادە لە سەرتاسەری زەوی بۆ جیهانی ئیسلام دروست بێت و هەموومان پشتیوانی ئەم قیادە و ئەم دەسەڵاتە بین تا بتوانێ جیهانی ئیسلام بەهێزتر بکات و دوژمنان نەتوانن فێڵمان لێ بکەن و بمانچەوسێنەوە و ژێردەستمان کەن.

ئەمە هیوایێکە و ئاواتێک که لە دڵی هەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدان و بە تایبەتتر خۆشەویستان و دۆستانی خانەدانی پێغەمبەر و چی ئەوانەی ڕاستەوخۆ پێیان ئەوترێ شیعە و شوێنکەوتووی ئیمامی عەلی و خانەدانی پێغەمبەری خوا و چی ئەوانەی کە ئەهل و بەیتی پێغەمبەریان خۆش ئەوێت بە ئاواتن کە بتوانین لە ژیر سێبەری یەک کەسایەتیی و یەک ڕابەردا ئێمە بژین تا دونیای ئیسلام بە یەکپارچەی بمێنێتەو و کاریگەری دوژمنان لە سەر ئێمە نەبێت.

بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی کۆمەڵایەتی کە ئیمام خومەینی بەردی بناغەیی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر ئەوە داناوە، مۆدێلێکی نوێ بوو لە حکومەتی ئیسلامی کە دژی ئیسلامی سکۆلاریزم بوو، ئەم شێوازە وەک خاڵێکی وەرچەرخانە لە حوکم کردنی ئیسلامی، پێتان وا یە ئەگەر لە وڵاتانی موسڵمان ئەو مۆدێلە لە سیاسەتی ئایینی و دینی (نەک دینی سیاسی ) پەیڕەو بکرێت چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆخی ئێستای ئوممەتی موسڵمان دەبێت.

لە دێرزەمانەوە نەخشەی دوژمنان و داگیرکەران ئەوە بووە کە حەزیان لەوە بووە بەردەوام موسوڵمانان لاواز بن و دوور بن لە بابەتی سیاسی. لە حاڵێکدا ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی مرۆڤ دروست بکات و دایبڕێژێت لە سەر بنەغەیەکی ئیسلامی سیاسی بەو واتایە کە ئیدارەی جیهان بدات و بێگومان ئەو بیروبۆچوونەوەی حەزرەتی ئیمام سەداسەد راست و دروست بوو و ئێمە ئەمەمان لە پێغەمبەر و خانەدانەکەی بۆ بەجێماوە.

پێغەمبەر لە گەڵ ئەوەی کە پیاوێکی خودایی و ڕاست و دروست بو، بە هەمان شێوە سیاسەت و ئیدارەی ئۆمەتی ئەکرد. هیچ پەیامێکی خوایی بۆ سەر زەوین نایێت مەگەر بۆ ڕێخستنی مرۆڤەکان و کەوابوو ئیسلام پێویستی بە سیاسەتە بەڵام نە سیاسەتێک کە فێڵ و درۆ و خەیانەت و داگیرکاری تێدا بێت. بەڵام ئیدارە کردنی ئۆمەت، یەکگرتوویی و وەستان لە بەرانبەر دوژمنانی ئیسلام یەکێک لە ئەرکە هەرە پیرۆزەکانی ئیسلام و نەبوونی تەفرەقە و هەبوونی برایەتی و یەکپارچەیی خۆی سیاسەتێکە کە لە جیهانی ئیسلامدا داکۆکی لە سەر کراوە.
کارێکی زۆر پیرۆزە مرۆڤ بتوانێ سیاسەت و دین پێکەوە کۆ بکاتەوە و ئیدارەی ئۆمەت بدات. ئیمام زۆر دووری ئەڕوانی و چاوی کراوە بو. سوپاس بۆ خودا ئیمام توانی دەنگی ئەم پەیامە پیرۆزەی خوا و پێغەمبەری بە گوێی زۆر کەسدا بدات و زۆر کەس کە موسوڵمانیش نەبوون، لە ڕێگای ئیمام بەهرەیان وەرگرت. ئیمام هەم سیاسەت و هەم دینی لەبەرچاو دەگرت و دینیش بە شێوەیەک کە تەنیا خێر و بەرەکەت بێت بۆ هەموو مرۆڤ و بە تایبەت بۆ جیهانی ئیسلام. پێغەمبەریش هەر بەم شیوە بووە و لەم ڕێگاوە کۆمەڵگای ئیدارە کردووە.

لە بەرچاو گرتنی دین و سیاسەت بابەتێکی تازە بوو و پێشتر شتی وامان نەبوو بەڵام ئیمام توانی ئۆمەتی ئیسلامی کۆ کاتەوە لە سەر سفرەیەک و پێیان بڵێت ئێمە هەموومان ئینسانین و پاشان موسوڵمانین بۆ ئەوەش ئیلهامی لە ئیمام عەلی وەرگرتبوو و بەو چاوە سەیری جیهانی دەکرد و توانی جیهانی ئیسلام لەوە تیبگەینێت کە ئێمە بۆ بەرەنگاری لە گەڵ ئەو بیروهزرانەی دژی جیهانی ئیسلامن هەم پێویستمان بە سیاسەت هەیە هەم یەکگرتوویی.