ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی گەشتیاری، گوندی ئارەنانیش وەکوو هەموو گوندەکانی کوردستان بەهۆی هەبوونی بەستێن و خاڵی گەشتیاری فراوان، وەکوو بەهەشت وایە. ئارەنان لە 13 کیلۆمەتری شاری سنە و لە جادەی کۆنی مەریوان، لە نێوان دوو کێودا هەڵکەتووە و خاوەن مێژوویەکی کۆن و هەزار ساڵەیە کە دەتوانرێت شوێن پێی مێژووی تێدا ببینرێت.
ئارەنان سەرەڕای نزیک بوون بە شاری سنە و پێشکەوتنگەلێک کە هەیبووە هێشتا پێکهاتەی گوندەوار بوونی خۆی پاراستووە و ئیشی زۆربەی دانیشتووانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و وەرزێرییە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا هەبوونی کانگا لە ئەو گوندە بووەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گوندشینان.
لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو گوندە دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر گەنم، نۆک، یۆنجە و هەروەها بەرهەمی باخی وەکوو سێو، بەی، گێڵاس، شیلک، شێڵانە و ...
لە ئاواییە دەوروبەرەکانی ئارەنان دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر گوندی سووفیان، کەڵەکان و هەژگەرە و هەروەها زێد و شوێنی لەدایک بوونی بابامەردۆخ ڕۆحانی واتا نەوەڕە.
بە وتەی دانیشتووانی ئارەنان شوێنی سەرەتایی ئارەنان نزیک بە شوینێک بە ناوی بەرقەلا و دەشتی شاجۆ بووە، بەڵام بەهۆی هۆکاری سروشتی ئێستا بەس ناوێک لە ئەو شوێنە لە زاری دانیشتووانی ئەو گوندە ماوە.
دەشت و باخەکانی گوندی ئارەنان بریتین لە قاڵاو، خوێرازە، گردە زەوی، نۆکەجاڕ.
یەکێک لە شوێنە گرینگ و کۆنەکانی ئەو گوندە مزگەوتی گوندەکەیە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە خشت چێ کراوە و بۆ کەسانی ئایینی شوێنێکی بەرچاوە بۆ کۆبوونەوە و بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان.
هەروا کە پێشتر باس کرا ئارەنان مێژویەکی دوور و درێژی هەیە و بە هۆی هەبوونی مەزارگەی چەند کەسایەتی ئایینی لە ئەو گوندە، ساڵانە گەشتیارانی ئایینی زۆر سەردانی دەکەن. بەتایبەتی هەبوونی مەزارگەی دوو ئەسحابەی پێغەمبەر (د.خ) بە ناوەکانی موراد ئەنساری و حەسەن ئەنسار کە لە سەر کێوێک هەر بە ئەو ناوە هەڵکەوتووە.
مامۆستا سەید بەهائەدین یەکێکی دیکە لە ئەو کەسایەتییە پایەبەرزانەی گوندی ئارەنانە کە کە لە درێژەدا کورتەیەک لە ژیاننامەکەی دێت.
ناوبراو کوڕی مەلا عەلی و لە ساڵی 1302 ی کۆچی هەتاوی لە گوندی ئارەنان لەدایک دەبێت و هەر لە منداڵییەوە دەچێتە خوێندنی قورئان و پاش ئەوەش خوێندنی کتێبگەلێک وەکوو گوڵستان و بوستان. دواتریش لە شاری سنە دەچێتە خزمەتی مەلا سەید عەزیز (خانەقای پاوە) و شێخ ئەحمەد شێخ سەلیم و لای ئەوانیش چەند ساڵێک دوخوێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی ئارەنان.
هەروها چەند ساڵ دوای گەڕانەوەی بۆ ئارەنان و لە ساڵی 1321 بەرەو مەریوان دەڕوات و لەوێ دەچێتە گوندی نژمار و لە خزمەت مامۆستا محەمەد ئەمین عالی و لەوێ زانستی قورئانی فێر دەبێت و تا ساڵی 1328 واتا حەوت ساڵ لەوێ زانستی ئایینی فێر دەبێت و چەندین کتێبی ئایینی دەخوێنێتەوە و شرۆڤەکەیان فێر دەبێت و دوای ئەوە مامۆستا سەید بەهائەدین بە ئیزنی مامۆستا محەمەد ئەمین دەچێتە گوندی بالک و لەلای مامۆستا مەلاباقر و لە ساڵی 1329 ئیزن وەردەگرێت.
مامۆستا سەید بەهائەدین چەند ساڵ دواتریش شێخ محەمەد عوسمان سراجەدین نەقشبەندی بۆ مورشیدی خۆی هەڵدەبژێرێت و دەبێتە یەکێک لە خەلیفەکانی شێخ عوسمان.
ئەو مامۆستا پایەبەرزەی خەڵکی ئارانانە دوای تەمەنێک هەوڵ دان بۆ فێر بوون و فێر کردنی زانستە ئایینییەکان لە کۆتاییدا لە نیوەی شەعبانی ساڵی 1439 ی کۆچی مانگی واتا 1397 ی کۆچی هەتاوی کۆچی دوایی کرد.