به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کراوە.
بە گوێرەی بەیاننامەکە ئەنجومەن بڕیاریداوە بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری هاوبەشی عێراق و تورکیا بۆ پاراستنی سنور لە هەر پێشێلکارییەک، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پێداویستییەکان دابین دەکرێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە بۆ تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەیی کردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ ئاسمانی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خستنە بەردەمی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر دۆخی ئەمنی شاری بەسرە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومی و تایبەتی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا جگە لە عەبادی ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق ئامادە بوون.
بۆچوونی ئێوە