شه‌ڕی عێراق ڕێگر بووه‌ له‌ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی خۆڵبارین

سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌ی ژینگه‌ پارێزیی ئێران وتی: شه‌ڕی ناو عێراق و کێشه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ سێ ساڵه‌ ڕێککه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی خۆڵبارینه‌کانیان وه‌دواخستووه‌.

مه‌عسوومه‌ ئێبتکار له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ پرسیاری هه‌واڵنێری مێهر سه‌باره‌ت به‌ دوایین ڕێککه‌وتنه‌کانی نێوان ئێران و عێراق بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ خۆڵبارین، وتی: لایه‌نی عێراقی پاش تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ که‌ نائه‌منی  له‌م وڵاته‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هیچ به‌ره‌وپێشچوونێک له‌ بواری چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی خۆڵبارینه‌کان نه‌یێته‌ دی، دوو مانگ له‌ مه‌وپێش رایگه‌یاند که‌ ئاماده‌ی هاوکاریه‌.

وتیشی: به‌غدا ئاماده‌یی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی په‌روه‌رده‌یی و توێژینه‌وه‌یی له‌باره‌ی "خاک و خۆڵ" له‌ ناوخۆی عێراق.

ئه‌و به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رپرسیاره‌ له‌ هاوکاری و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی خۆڵبارین له‌ ناوخۆی وڵاتی خۆیدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ ڕوو له‌ ئێران نه‌کات، ڕایگه‌یاند: ئێران ۴ ساڵ له‌مه‌وپێش ڕێککه‌وتنی له‌گه‌ڵ عێراق کرد و که‌وته‌ دوای چاره‌سه‌ریی ئه‌م‌ کێشه‌یه‌ به‌ڵام شه‌ڕی عێراق هه‌موو جومگه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی ئیفلیج کردووه‌ و ئێستا تازه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌وتی جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتنه‌کان له‌م بواره‌دا.

ڕاشیگه‌یاند که‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی کارناسی له‌ نێوان لایه‌نی عێراقی و ئێران سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی خۆڵبارینه‌کان کراوه‌ و ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌ت و هاوکاری دوو لایه‌نه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌ی ژینگه‌ پارێزی ئێران به‌ ئاماژه‌ به‌ گرینگایه‌تی گۆله‌کان له‌ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی خۆڵبارین، وتی: بووژانه‌وه‌ی گۆلاوه‌کان زۆر گرینگه‌ و ئێران گۆلی "هورالعظیم"ی له‌ ناوچه‌ی سنووری نێوان دوو وڵات بووژاندووه‌ته‌وه‌ و ئێستا به‌شێک له‌ ئاوه‌که‌ی ده‌گاته‌ ناو خاکی عێراقیش و ده‌بی ده‌وڵه‌تی به‌غدا هه‌ستێت به‌ بووژاندنه‌وه‌ی گۆلاوه‌کانی و چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه‌ بکات که‌ تێیاندا خاک و خۆڵ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

ئێبتکار ئاماژه‌شی دایه‌ کاردانه‌وه‌ی دیکه‌ی وڵاتانی جیهان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ وتی: ئێران پرسی خۆڵبارینه‌کانی گه‌یاندووه‌ته‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و تا ئێستا نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ۴ بڕیارنامه‌ی له‌مباره‌وه‌ ده‌رکردووه‌ که‌ له‌ دووه‌م بڕیارنامه‌دا ئاماژه‌ دراوه‌ ساڵانه‌ ۲ هه‌زار میلیۆن تۆن خاک و خۆڵ دێته‌ ئاسمانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و باکووری ئه‌فریقا.

وتیشی: بڕیاره‌ یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به‌ پرسی خۆڵبارینه‌کان، مانگی پووشپه‌ڕ له‌ تارانی پایته‌خت به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

News Code 9995

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 0 =